هۆکارەکانی سووتانی ئۆتۆمبێل لە وەرزی هاوين

بەرگری شارستانی: تەنیا لەم مانگەدا 23 ئۆتۆمبێل لە هەولێر سووتاون

شۆڕش قادری

تەنیا لەم مانگەدا 23 ئۆتۆمبێل لە پارێزگای هەولێر سووتاون و بەرگری شارستانیش هۆکارەکانی سووتانی ئۆتۆمبێل ئاشکرا دەکات.

شاخەوان سەعید وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، تەنیا لەماوەی ئەم مانگەدا 23 ئۆتۆمبێل لە سنووری هەولێر سووتاون.

بەپێی بەرگری شارستانی، هۆکاری سەرەکیی سووتانی ئۆتۆمبێڵ ئەمانەی خوارەوەن؛

گەرمبوونی بزوێنەر: لەکارکەوتنی سیستەمی ساردکەرەوە یان کەمی ئاوی ڕادێتەر گەرمی مەکینەکە بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرز دەکاتەوە.

دزەکردن و لێچوونی ماددە سوتێنەرەکان: دزەکردنی بەنزین یان ڕۆنی مەکینە لەسەر بەشە گەرمەکان دەبێتە هۆی داگیرساندنی خێرا.

کێشەی کارەبایی: تێکچوون یان داخورانی وایەرەکان پریشکی کارەبایی دروست دەکات لەگەڵ بوونی گەرمی.

ماددە گڕگرتووەکان: چەرخ، بۆن یان بوتڵی بەتاڵ و پاوەربانک و مۆبايل لە ئۆتۆمبێلدا لە ژێر تیشکی خۆری راستەوخۆ، مەترسی گڕگرتن و سوتانيان دەبێت.

بەرگری شارستانی هەولێر دەشڵێت، پێويستە هەموو ئۆتۆمبێلێك بوتڵی ئاگرکوژێنەوەی دەستی پێبێت و شۆفێریش، ژمارەکانی بەڕێوەبەرايەتی بەرگری شارستانی 115ـ125 بزانێت، بۆ ئەوەی لەکاتی هەر رووداوێکی نەخوازراودا بە زووترين کات پەيوەندیان پێوە بکات.