دایک و باوکیان قارەمانەکەن
لە گوندێک سێ کچی نابیست فێری دەربڕین بوون
964+
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
لەگەڵ ئەوەی خێزانێکی گوندنشینن و بژێوییان لەسەر کاری کشتوکاڵییە، لە گوندی گەڵناغاج لە قەزای چەمچەماڵ، سێ کچی نابیست بە رەنجەشانی دایک و باوکیان، توانیویانە راهێنان وەربگرن و لە قسەی بەرامبەرەکەیان تێبگەن، تەنانەت چوونەتە پڕۆسەی خوێندن و ئێستا بڕوانامەیان هەیە.
ئەم خێزانە دایک و باوک، سێ خوشک و دوو بران، دایکی کچەکان کۆڵی نەداوە ویستوویەتی بەو شێوازە نەمێننەوە کە نابیست بن و لە گوزارشت و ئاماژەکان تێ نەگەن، بەڵکو بە هاوکاری دکتۆر و مامۆستاکانیان فێری نوسین و قسەکردنی کردوون، ئەم کارەشەی هەر لە تەمەنی منداڵییەوە دەستپێ کردووە.
شەوگار کچە گەورەی ماڵەکەیە، ئەو توانیوویەتی پرۆسەی خوێندن بەسەرکەوتوویی ببڕێت و ئێستا خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە لە کارگێڕی کار، زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی دەزانێت، هەر خۆشی لەگەڵ دکتۆرە کۆرییەکەی بە زمانی ئینگلیزیی قسەدەکات، ئێستا تەنانەت وێنەکێشێکی زۆر لێهاتووشی لێدەرچووە.
رووناک رەسوڵ-ی دایکیان بە 964ی وت، خودای گەورە، کچەکانمی وا دروستکردووە، کە دەمارێک لە مێشکیاندا دروست نەبووە، ئەوە بووە بە هۆکاری گوێ بیست نەبوونیان لێمان، بەڵام لە ساڵی 2010 وە نەشتەرگەریەکمان بۆ کچە گەورەکەمان ئەنجامدا، کەمێک بیستنی بۆ گەڕاوەتەوە.
کاتێک دایکیان، چووە بۆ لای دکتۆرەکەیەن، کە بە میوانداری و بۆ چارەسەر هاتووەتە سلێمانی و خەڵکی کۆریایە، ئەو پێی وتووە، بێ ئومێد مەبە، ئەم کچانە زیرەکن دەتوانن هەمووشت فێرببن، دایکیان وتی، منیش قسەکەی ئەوم بە هەند وەرگرت، دوای زیاتر لە حەوت مانگ هەوڵدان توانیتم لە رێگەی وێنەکێشان و دەم جوڵاندنەوە فێری قسەکردنیان بکەم.
کچە گەورەکەی ناوی شەوگارە و تەمەنی 24 ساڵە، ئەوانی دیکەش نیگار 23ساڵە و ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، کچە بچووکی ماڵیش 18 ساڵە و ناوی سومەیەیە، وەک دایکیان گێڕایەوە، دکتۆر هەبووە سەرسام بووە بە فێربوونی قسەکردنی منداڵەکان، وتویەتی، لەوەتی من دکتۆرم نەشتی وام بیستووە نەبینیوومە، کەسانی نابیست قسەبکەن، بەڵام ئەوەتا تۆ قسەکردنیشت بۆ گەڕاندوونەتەوە.
سیروان سابیر باوکی کچەکانە ئەو بە 964ی وت، من رۆژانە سەرقاڵی کاری کشتوکاڵیم لە گوندەکەمان، ئەوەی خۆشم پەیدای نەکەم هیچ موچە و کارێکی دیکەم نیە، کچەکانیش رۆژانە بەیەکەوە دەچین هاوکاریمان دەکەن لە دەشت و زەوییە کشتوکاڵییەکانمان، بژێوی خۆمان لەو رێگەیەوە دابین دەکەین.
کچە گەورەکەمان دووجار نەشتەرگەری بۆکراوە، بەڵام جاری دووەم وتیان دەبێت ئامێرێکی بۆ بکڕن، کە نرخەکەی دوو ملیۆن دینارە ئێمەش ئەو توانایەمان نەبوو، بۆیە تائێستا بەو شێوازە ماوینەتەوە، ئەوەی کە فێربوون بەهەوڵ و ماندوویەتی دایکیان بووە، باوکی شەوگار وای وت.
دکتۆرەکەی کە نەشتەرگەری بۆ شەوگار ئەنجام داوە ناوی “جەیە”خەڵکی کۆریایە، ساڵانە داوای کچەکە دەکات بۆ بینینی تاک و لە تەندروستی بپرسێت، لەدوای دووساڵ کە نەیتوانی بوو ئامێرەکەی بۆ دابین بکری، خۆی هاتووتەوە بۆ کوردستان و پەیوەندی بە خێزانەکەوە کردووە، وتوویەتی دەبێت ئەو “ئامێرەی بیستن” بدرێت بە ئێوە چۆن تائێستا نەیان داوە پێتان.
گوندی گەڵناغاج کە ئەم خێزانە لێی نیشتەجێن بەدووری 17 کیلۆمەتر دەکەوێتە سنوری ناحیەی ئاغجەلەر لە قەزای چەمچەماڵ، بەهۆی نزیکی لە زێی بچووک بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی سەرقاڵی پڕۆژەی حەوزی ماسی و کاری کشتوکاڵین.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا