باجی ژمارەی دانیشتووانەکەی دەدات
خورماتوو .. لە دار خورما و تووەوە بۆ جەنگەڵی کۆنکرێتیی
سیروان خورشید – خورماتوو
کە سروشت خۆڵی لێ کرا بە کۆنکرێت، بینینی دیمەنی سووتانی دارخورماشی تێ دەکەوێ .. دیمەنێکی ئازاربەخشە، خورماتوو، ئەو قەزایەی جاران بە خورما، توو، باخ و بێستانە بەپیتەکانی ناسرابوو، بەرهەمی کشتوکاڵییان بۆ شارەکانی دیکەی عێراق دەنارد، ئێستا بەدەست نیشتەجێبوونی نارێکەوە گرفتارە.
وردە وردە، رەگەزی زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەبنە زەوی نیشتەجێ بوون و تەنیا لەماوەی 10 ساڵدا، 28 هەزار کەس بۆ ژمارەی دانیشتووانی قەزاکە زیادی کردووە.
تەنیا لە ماوەی 10 ساڵدا، 28 هەزار کەس بۆ ژمارەی دانیشتووانی خورماتوو زیاد بووە.
ژمارەی دانیشتووان لە ساڵی 2014 نزیکەی 119,000 کەس بووە، بەڵام ژمارەی لە دوایین سەرژمێری گەیشتووەتە 147,216 کەس.
رووبەری گشتیی قەزاکە بە سەرجەم ناحیەکانییەوە 2,408 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، ڕووبەری تەنیا سەنتەری شارەکە نزیکەی 1,253 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.
جووتیارانی ناوچەکە بە ئازارەوە باس لە دۆخەکە دەکەن و جەلال فارس، یەکێک لە جووتیارانی ناوچەکەیەو دەڵێت، خورماتوو خاوەنی هەوایەکی پاک و سروشتێکی دڵڕفێن بوو، بەڵام ئەمڕۆ کە زەوییە کشتوکاڵییەکان کراون بە جادە، دوکان و خانووبەرە، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە و ژینگەی شارەکەمان بەتەواوی گۆڕاوە.
جوتیاران دەڵێن، لەناوچوونی ئەم زەوییانە تەنها زیانی ئابووری نییە، بەڵکو گۆڕینی دیمەنی سروشتیی شارەکەیە بۆ جەنگەڵێکی کۆنکرێتی کە چیتر هیچ پەیوەندییەکی بەو خورماتووە نییە کە جاران بە ” داری خورما و توو” ناسرابوو.
ئەمین جواد، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی ناوچەکە خۆی بە بەرپرسیار نابینێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ مۆڵەتێکی فەرمییان بۆ بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون نەداوە و دەشڵێت، ئەو وێرانکارییەی لە ڕووبەرە سەوزاییەکاندا ڕوویداوە، دەرەنجامی پڕۆژەی وەبەرهێنانی فەرمی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە زیادەڕۆیی خەڵکەوە، ئەمە دیاردەیەکە لە ساڵانی ڕابردوودا بەبێ لێپێچینەوە سەری هەڵداوە و گەشەی کردووە.
ئەو ئیدارەی شارەکە و شارەوانی قەزاکە وەک لایەنی جێبەجێکار دیاری دەکات و دەڵێت، پێویستە وەک لایەنی سەرەکیی جێبەجێکار، چیتر بێدەنگ نەبن و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر سەرپێچیکارێک بگرێتەبەر کە زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت وێران دەکات.
بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵی خورماتوو کە تەنیا زانیاری پێی داین ودەڵێت، پرۆسەی ڕاماڵین و لەناوبردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە قەزاکەمان گەیشتووەتە ئاستێک کە لە کۆنترۆڵ دەرچووە، ئێمە وەک فەرمانگەی کشتوکاڵ، هیچ ئامارێکی وردمان لەبەردەستدا نییە، چونکە ئەو زەوییانە بەشێکیان لە ڕێگەی شارەوانییەوە مامەڵەی تاپۆکردنیان بۆ کراوە، بەڵام کاریگەریی ئەم دیاردەیە لەسەر لەدەستدانی ناسنامەی کشتوکاڵی ناوچەکە و بڕینەوەی هەزاران داری بەردار، وەک “تو، هەنار و خورما” ڕوون و ئاشکرایە.
دەشڵێت، ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ ڕێگری، بەڵام ئەم کێشەیە تەنها تایبەت نییە بە خورماتوو، بەڵکو دیاردەیەکی گشتگیرە لە تەواوی عێراقدا، بەهۆی نەبوونی سزایەکی توند و یەکلاکەرەوە لەلایەن حکومەتەوە، زەوییە کشتوکاڵییەکان بە ئاسانی دەکرێن بە پڕۆژەی بازرگانی و نیشتەجێبوون و کەسیش لێپێچینەوەی جدی لەگەڵ سەرپێچیکاراندا ناکات.
خورماتوو رووبەرەکەی دوو هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، هەر کیلۆمەترێکی بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووانەکەی 90 بۆ 96 کەسی تێدا دەژی، بەوپێیە بێت، پانتایی نیشتەجێ بوون، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر رووبەری سەوزایی و کشتوکاڵ هەبووە، کێشەکە تەنیا تایبەت نییە بە خورماتوو، ئەمە لە عێراق بووە بە دیاردەیەکی گشتگیر، هیچ رێکارێکیش بۆ ئەو ناهاوسەنگیەی چالاکی مرۆڤ لەسەر خاک بڕیاری لەسەر نەدراوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا