31 سه‌رۆك حكومه‌ت، په‌رله‌مان و جێگره‌كانیان هه‌بووه‌

له‌دواى راپه‌ڕینه‌وه‌ 1033 كه‌س له‌ هه‌رێمى كوردستان بوونه‌ته‌ وه‌زیر و په‌رله‌مانتار

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌دواى راپه‌ڕین و یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنى په‌ره‌لمانى هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵى 1992 ـه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا شه‌ش خولى په‌رله‌مان و نۆ كابینه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ستبه‌كار بوونه‌، به‌هه‌موویانه‌وه‌ هه‌زار و 33 كه‌س بوونه‌ته‌ په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و له‌و ماوه‌یه‌ششدا حه‌وت سه‌رۆك وه‌زیران و شه‌ش جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران هه‌بووه‌.

ئه‌م زانیارانه‌ى سه‌ره‌وه‌، له‌دوایین راپۆرتى دامەزراوەی (پەی) بۆ پەروەردە و گەشەپێداندا هاتووه‌.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌

پەرلەمانی كوردستان له‌ماوه‌ى شەش خولی خۆیه‌وه‌، 730 ئەندام سوێندی یاساییان تیادا خواردوە، لەوانە 546 پیاو و 184 یان ژن بوون، كە 42 كەس لەو ئەندامانە دووەمجار یا سێیەمجار بووە كاندیدكراونەتەوە و بونەتەوە ئەندامی پەرلەمان.

بەپێی یاسا ژمارەی ئەندامانی هەر خولێك دیاریكراون، بە شێوەیەك كه‌ خولی یەكەم 105 ئەندام، خولی دووەم تاوه‌كو پێنجەم هەریەكەی 111 ئەندام و خولی شەشەمیش 100 ئەندام كە كۆی گشتی دەكاتە 649 ئەندام، بەڵام بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی هەندێك لە ئەندامان و شوێنگرتنەوەیان لەلایەن ئەو كەسەی لە ریزبەندیدا بەدوایدا هاتوە، ژمارەی ئەندامان لەو ماوەیەدا لە 649 ئەندامەوە هەڵكشاوە بۆ 730، واتا 81 ئەندام زیاتر چونەتە پەرلەمانەوە.

لە پێنج خولی رابردوى په‌رله‌ماندا نۆ سەرۆكی په‌رله‌مان، نۆ جێگری سەرۆك و چوار سكرتێری بەخۆوە بینیوە، خولی شەشه‌میش تاوه‌كو ئێستا سەرۆكایەتییەكه‌ى ده‌ستنیشان نه‌كراوه‌.

هه‌ر به‌پێی راپۆرتى ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌، له‌ ماوه‌ى 33 ساڵى رابردوودا، له‌هه‌رێمى كوردستان نۆ كابینەی دامه‌زراوه‌ ، حه‌وت كەس وەك سەرۆك وەزیران و شه‌ش كەسیش وەكو جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و زیاتر لە 300 كەسیش وەك وەزیر متمانەیان پێدراوە و سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام تاوه‌كو ئێستا هیچ سەرۆكێك یاخود هیچ وەزیرێك له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ متمانەیان لێوەرگیراوەتەوە.

سه‌باره‌ت به‌ پەرلەمانی كوردستانیش لەو ماوەیەدا نۆ كەس وەك سەرۆكی دیوان كاریان تێداكردووە، لە نۆ بەڕێوەبەرایەتی پێكدێت، تێكڕای فەرمانبەرانی بریتین لە 701 فەرمانبەر و 47 راوێژكاریشی هەیە.

جگە لە تەلاری تایبەتی خۆی كه‌ لە هەولێری پایتەخته‌، لە پارێزگاكانی دهۆك، سلێمانی، هەڵەبجە و كەركوك و ئیدارە سەربەخۆكانی سۆران، زاخۆ، راپەرین، گەرمیان، هه‌روه‌ها لە ئاكرێش نوسینگەی تایبەتی خۆی هەیە.