بۆ سەلامەتی و پاراستنیەتی

رێگای هاتوچۆکردن بەسەر بەنداوی سەروچاوە داخرا

فەرهاد حەسەن

سەرۆکایەتی شارەوانی سەروچاوە دەڵێت، بەمەبەستی پارێزگاریکردن لە بەنداوی شاروچکەکەیان رێگای سەر بەنداوەکەیان داخستووە بە هیچ شێوەیەک رێگا نادرێت هیچ ئۆتۆمبێلێک بەسەریدا هاتوچۆ بکات.

ئەم کارە، لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری ناحیەی بێتواتەیە و لەمڕؤ دووشەممەوە  شارەوانی  بەهاوکاری و هاوبەشی بنکەی هاتوچۆ هەڵسان بەدانانی بەربەستی ئاسن لەهەردوولای شەقامی خوار بەنداوەکە بۆ ئەوەی رێگری لە هاتوچۆی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلەکان بکرێت هاتوچۆ بەسەر بەنداوەکەدا بکەن.

شارەوانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات پابەند بن بە پاراستنی ئەو بەربەستانە و هەرکەسێک لایخۆیەوە هەست بە بەرپرسیارەتی بکات کە حاڵەتێکی وابینرا کە بەربەستەکان بشێوێنن یاخود تێکیانبدەن، ئاسایش یاخود شارەوانی یانیش هاتوچۆی لێ ئاگاداربکەنەوە.

دەشڵێت، لە هەردوو لای بەنداوەکە هاتوچۆ ئاساییە و رێگای هیچ کەسێک ئاستەنگی بۆ دروست نەبووە هەم بۆ گەشتیاریەکان هەم بۆ ناو باخ و زەوییە کشتوکاڵیەکان.

هۆشداریش دەدات، کە هەرکەسێک ببێتەهۆی تێکدانی ئەو بەربەستانە بە توندترین شێوە سزادەدرێت .