ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەر
"هەرگیز ناكرێت لە رێگەی جەنگەوە ئاشتی بەرپا بكرێت"
شێخی ئەزهەر بە زمانی فارسی ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیل دەكات
محەمەد فاتیح
دوای ئەوەی چەندین وڵات هەڵوێستی خۆیان دەربارەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران خستەڕوو، شێخی ئەزهەریش هەڵوێستی خۆی ئاشكرا كرد و ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کرد.
ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەر بە هەردوو زمانی فارسی و عەرەبی ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیلی كردووە بۆ سەر ئێران و دەڵێت، “بە توندی بەردەوامبوونی دەستدرێژییەكانی قەوارەی داگیركەر بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران شەرمەزار دەكەم”.
دەشڵێت، “دەستدرێژییە سیستماتیکییەکان و هێرشە بەردەوامەکانی ئەم قەوارە قۆرخکار و شەڕانگێزە، ئامانجیان راکێشانی ناوچەکەیە بۆ لێواری تەقینەوە و هەڵگیرساندنی شەڕێکی هەمەلایەنە کە تێیدا جگە لە بازرگانانی خوێن و چەک كەسیتر قازانج ناكات”.
“بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەم ستەمکارییە و شکستهێنان لە وەستاندنی، بە واتای هاوبەشییە لەو تاوانکاریدا و تاکە بەرهەمەکەی هەڕەشەیەكە بۆ سەر ئاسایشی هەموو جیهان و هەرگیز ناكرێت لە رێگەی جەنگەوە ئاشتی بەرپا بكرێت”، ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەر واى وت.