لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

ئاگادارییەک بۆ بەکارهێنەرانى کۆڕەک؛ ژمارەی جێگرەوە بۆ هەژمارە دیجیتاڵییەکانتان زیاد بکەن

964+

وریا فەتاح

کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، ئاگادارییەکى بەپەلەی ئاڕاستەی سەرجەم بەکارهێنەرانی سیمکارتی کۆمپانیای “کۆڕەک تێلیکۆم” کرد و داوای لێکردن رێوشوێنی خۆپارێزی بۆ پاراستنی هەژمارەکانیان لە پلاتفۆرم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بگرنەبەر، پێش ئەوەی وەرگرتنی نامەی کورت (SMS) و کۆدی دڵنیایی لەسەر ژمارەکانیان بوەستێت.

لە راگەیەندراوەکەی کۆمیسیۆندا هاتوو: “داوا لە بەکارهێنەران دەکەین بۆ ئەو بەرنامانەی رێگە بە زیاتر لە ژمارەیەک دەدەن، ژمارەیەکی سەر بە کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکانی دیکە (ئاسیاسێڵ یان زەین عێراق) شانبەشانی ژمارەی کۆڕەک زیاد بکەن. بۆ ئەو بەرنامانەشی رێگە بە تەنها ئۆپشنێک دەدەن، ژمارەی سەلماندنەکە بگۆڕن بۆ کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان.”

کۆمیسیۆن هەروەها داوای کردووە هاووڵاتییان ئامرازە جێگرەوەکانی وەک ئیمەیڵ (پۆستی ئەلیکترۆنی) و بەرنامەکانی سەلماندن (Authenticator) چالاک بکەن تا پشتبەستن بە SMS کەم بێتەوە، و جەختیشی کردووەتەوە کە بەپەلە ئەم هەنگاوانە بنێن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دووچاری کێشەی نەتوانینی چوونەژوورەوە یان لەدەستدانی هەژمارەکانیان نەبنەوە.

ئەم بڕیارەی کۆمیسیۆن لە چوارچێوەی بەردەوامیی ڕێکارە رێکخستنی و یاساییەکانی پەیوەست بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم دێت، هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم دانانی ئامرازە جێگرەوانە بە مانای دەستبەرداربوون لە ژمارەکانی ئێستای کۆڕەک نایەت، بەڵکو تەنها رێکارێکی خۆپارێزییە بۆ پاراستنی زانیاری و هەژمارە دیجیتاڵییەکانی هاووڵاتییان.