گەڕاندنەوەی ژمارەیەک کۆچبەر لە لیبیاوە - فۆتۆ: ئەرشیفی 964
کار بۆ ئازادکردن و گەرانەوەیان دەکرێ
36 کۆچبەری کورد لە تەرابلوسی لیبیا دەستبەسەرکراون
ئەحمەد مستەفا
هەڵسوڕێنەری عێراق لە لیبیا دەڵێ، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لیبیا توانیویانە چارەنووسی 36 کۆچبەری هەرێمی کوردستان ئاشکرابکەن و هەوڵی گەڕانەوەیان دەدەن.
ئەو کەسانە بە شێوەیەکی نایاسایی چوونەتە لیبیا، وەک دەرچەیەک بۆ کۆچکردن و گەشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام لە رۆژهەڵاتی تەرابلوسی پایتەختی لیبیا دەستبەسەرکراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19.8.2026، ئەحمەد سەحاف، هەڵسورێنەی باڵیۆزی عێراق لە لیبیا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، باڵیۆزخانەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پسپۆڕی لیبیا توانیویەتی چارەنووسی 36 کۆچبەر ئاشکرا بکات، کە بە شێوەیەکی نایاسایی چووبوونە لیبیا.
ئەو ووتوویەتی، هەنگاوەکانی پاڵپشتیی مرۆیی بۆ کۆچبەران بە بەردەوامی لەلایەن باڵیۆزخانەکەوە ئەنجام دەدرێن، کە ڕەخساندنی دەرفەتی پەیوەندیکردنیان بە خێزانەکانیانەوە، سەرباری دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمانی بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتییان لەخۆدەگرێت.
سەحاف دەڵێ، هەوڵەکانی باڵیۆزخانەکەیان خێران بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی گەڕاندنەوەیان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بۆ عێراق، ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا توانیویەتی 352 کۆچبەر بگەڕێنێتەوە.