ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران – وێنە؛ ئیرنا
" ئەوەی هەیە لەگەڵ عومانە بۆ گەرووی هورمز"
وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هیچ دانوستانێکمان لەگەڵ ئەمریکا نییە
وریا فەتاح
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ جۆرە دانوستانێکی لەگەڵ ئەمریکا نییە، بەڵکو دانوستانەکانی ئێستایان لەگەڵ وڵاتی عومانە و تایبەتە بە دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی هەستیاری ناوچەکە و رایگەیاند، لەگەڵ عومان کاردەکەن بۆ دیاریکردنی رێڕەوێکی کاتی بۆ ئەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز سەلامەت بێت، بەڵام هۆشداریشیدا کە “تا گەمارۆ و شەڕانگێزییەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت، دۆخی گەرووی هورمز وەک خۆی دەمێنێتەوە.”
سەبارەت بەوەی بۆچی وەڵامی قسەکانى دۆناڵد ترەمپ نادەنەوە، وتی: “با ئێمە بە ئێرانی بمێنینەوە و خاوەنی رەفتاری خۆمان بین، پێموانییە ئێمە چاو لە رەفتار و قسەی نەشیاوی خەڵکی تر بکەین.”
قسەکانى بە قائى لە کاتێکدا، ئەمڕۆ ترەمپ وتى”بۆیە هێرشەکانمان بۆسەر ئیران راگرت، چونکە هەندێ وڵاتانى ناوچەکە هاتنە سەرخەت و داواى وەستانیان کرد، ئێمەش پێمان باشە رێکبکەوین نەک لێیان بدەین”.