وەزارەتى کارەبا:

داشکاندنى 50%ـى قەرزى کارەبا پڕۆژەى رووناکى ناگرێتەوە

وریا فەتاح

بەپێى راگەیەندراوى وەزارەتى کارەبا، ئەو لێخۆشبەوونەى بە رێژەى 50% بۆ قەرزى کارەبا دەرکراوە، بۆ قەرزى کارەباى پێش پڕۆژەى رووناکییە و بڕیارە لە مانگی ئابەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبا، ئەم داشکاندنە یەکجارەییە دەرفەتێکی ناوازەیە و بۆ دوایین جارە دەدرێت بە هاوبەشان. داشکاندنەکە بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن کراوە:

50% داشکاندن: بۆ سەرجەم هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی.
25% داشکاندن: بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری (جگە لەو هاوبەشانەی کە فیدەری تایبەت بەخۆیان هەیە).
وەک ئەوەى روونکراوەتەوە، پڕۆسەی داشکاندنەکە لە نێوان 3ی ئاب بۆ 10ی ئەیلولی 2026 جێبەجێ دەکرێت. مەرجی سەرەکی بۆ سوودمەندبوون لەم بڕیارە ئەوەیە کە هاوبەشان دەبێت بەیەکجار تەواوی بڕی قەرزە کۆنەکانیان (دوای لێدەرکردنی داشکاندنەکە) بدەنەوە. هاوکات وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بڕیارە تەنیا قەرزی کۆن دەگرێتەوە و پارەی پسوولەکانی پڕۆژەی (رووناکی) ناگرێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەمەبەستی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، خزمەتگوزارییەکانی پارەدان لە رێگەی (ئی-پسوولە) و هۆبەکانی فرۆشتنی وزە لە نێوان 30ی تەمموز تاوەکو 3ی ئاب بەردەست نابن. لەبەر ئەم هۆکارە، داوا لە هاووڵاتییان کراوە پارەی پسوولەکانی رووناکی پێش 30ی تەمموز بدەن، بۆ ئەوەی دادپەروەری لە ماوەی 50 رۆژیی پارەدانی کارەبادا رەچاو بکرێت.

هەروەها وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە کە خێراترین رێگە بۆ پارەدان بەکارهێنانی سیستەمی (ئی-پسوولە)یە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان خۆیان لە قەرەباڵغی هۆبەکانی کارەبا بپارێزن. ئاگاداریش دەدات کە ئەم داشکاندنە پارەدان لە رێگەی کارمەندانی گەڕۆکی کۆکەرەوەی پارەی کارەبا ناگرێتەوە.

وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە، بۆ هەر پرسارێک و وەرگرتنی زانیاری زیاتر، هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاری رووناکییەوە بکەن لە رێگەی ژمارە 1992.