رۆژانە 400 نەخۆش
بایکۆتی پزیشکان کارەکانی فریاکەوتنی شەهید رەئوف بەگی پەکخستووە
بڕوا مەجید – شارەزوور
پزیشکانی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگ لە شارەزوور بایکۆتی دەوامیان کردووە و تەنها کارمەندانی تەندروستی لەو بەشەدا ماونەتەوە، کە تەنها چارەسەری حاڵەتە بەپەلەکان دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی قەرەباڵغی لەسەر دەرمانخانەکان و ناچارکردنی نەخۆشەکان بۆ رووکردنە سلێمانی.
سامان سابیر، بەرپرسی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ، بە 964ـی وت:”بەهۆی بایکۆتەوە هیچ پزیشکێک لە فریاکەوتن نییە، تەنها کارمەندان ماونەتەوە و ئەوانیش تەنها حاڵەتە بەپەلەکان دەبینن.”
“لە رۆژانی ئاساییدا نزیکەی 400 نەخۆش سەردانی فریاکەوتن دەکەن، هۆکارەکەشی نەبوونی راوێژکاری ئێوارانە لە نەخۆشخانەکەمان، زۆرێک لەو کەسانەی دێن، حاڵەتیان بەپەلە نییە، بۆ نموونە یەکێک دێت دەڵێت زیادە گۆشتم پێوەیە یان قاچم دوو مانگ لەمەوبەر شکاوە.” سامان سابیر واى وت.
بە وتەى گۆشەن کەمال کە دەرمانسازێکى دانیشتووى شارەزوورە،”بەهۆی بایکۆتی پزیشکانەوە، ژمارەی سەردانکەرانی دەرمانخانەکەمان زۆر زیادی کردووە، بەشێوەیەک لە 50 نەخۆشەوە بۆ 150 نەخۆش لە رۆژێکدا.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح