لە کەرکوک

بەگومانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون ژنێک کەرەنتین کرا

کاروان ساڵحی – کەرکوک

بەگومانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون ژنێکی تەمەن 43 ساڵ لە کەرکوک کەرەنتین کرا

سەرچاوەیەکی تایبەت لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە 964ـی وت، “ژنێکی تەمەن 43 ساڵ کە ژنی ماڵەوەیە و ئاژەڵداریشن، بەهۆی خوێنبەربوونی زۆرەوە داخلی نەخۆشخانە ئازادی کراوە، لەئێستادا باری تەندروستی ناجێگیرە و کەرەنتین کراوە”.

“نیشانەکانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوونی تێدایە، پشکنینی بۆ کراوە و سەمپڵی رەوانەی بەغدا کراوە، چاوەڕێ دەکەین ئەنجامی پشکنینەکە لە بەغدا بگەڕێتەوە”، ئەمەش قسەی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوکە.

هەر بەهۆی ئەو گومانەوە، ئەو کەسانەی لەگەڵ نەخۆشەکە چوونەتە نەخۆشخانەی ئازادی، نموونەی خوێنیان لێ وەرگیراوە و پشکنینیان بۆ کراوە.

هەموو ساڵێک پێش جەژنی قوربان چەند حاڵەتێکی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان تۆمار دەکرێن و کەرەنتین دەکرێن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری