یارییەکی تۆپی پێ لە هەولێر

منداڵانی داون سیندرۆم یەکتريان گۆڵباران کرد

964+

عەبدولعەزیز خالند

ئەمڕۆ لە هەولێر یارییەکی تۆپی پێ بۆ منداڵانی داون سێندرۆم ئەنجام درا و ئەو منداڵانەی بەشداربوون، هەریەکەی دەیگوت چوار پێنج گۆڵم کردووە.

منداڵەکان دڵخۆش بوون بە یارییەکە و کاتێکی خۆشیان بەسەر برد و لێدانەکانی پەناڵتییان جێبەجی کرد.

یارییەکە لە لایەن رێکخراوی مێپڵتری لە هۆڵی یانەی ئافرەتانی هەولێر رێکخرا و کەسوکاری منداڵەکان و ژمارەیەک هاوڵاتی و هەواداری وەرزشی ئامادەبوون.

جوتیار حەیدەر ئەندامی رێکخراوی مێپڵتری بە 964ی وت، “ویستمان دڵی منداڵەکان خۆش بکەین و چالاکییەکیان بۆ رێک بخەین، دەمانەوێت بە منداڵانی داون سیندرۆم و کەسوکاریان بڵێین ئەوان بەشێکن لە کۆمەڵگە و ئەوان دڵی ئێمەن”.

لە دوای یارییەکەش دیاری و خەڵات پێشکەش بە منداڵەکان کرا و زیاتر دڵخۆش بوون.

 داون سیندرۆم چییە؟

ئەم حاڵەتە زگماکییەیە و لە هەموو رەگەزەکان و چینە کۆمەڵایەتییەکاندا لە گشت وڵاتانی سەرتاسەری جیهاندا هەن.
هۆکاری دروستبوونی ئەم جۆرە منداڵانە تێکچونی کرۆمۆسۆمی ژمارە 21 ئەم کرۆمۆسۆمە سیانی دەردەکەوێت لای کۆرپەلە و ژمارەی کرۆمۆسۆمەکان دەبێتە 47 کرۆمۆسۆم نەک 47 کرۆمۆسۆم.
هەندێک جاریش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی دایک و رێژەی ئەم حاڵەتە زیاد دەکات بە زیادبوونی تەمەنی دایک بە تایبەتی دوای تەمەنی 35 ساڵی.
منداڵی داون دەتوانرێت بناسرێتەوە پێش لەدایکبوون یان کاتی لەدایکبوون.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا