"بەهۆی گازی ژەهراوی لە پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆدا"

دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش بێ هۆشن

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ئەو کرێکارانەی بەیانی ئەمڕۆ بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان ماڵەکانیان جێهێشت، نەیاندەزانی لە قوڵایی تەمومژاوی ئاوەڕۆکانی قەزای “دۆر”دا، گازی ژەهراوی چاوەڕێی کۆتاییهێنان بە ژیانیان دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6.5.2026 لەقەزای دۆر،ـی سەر بەپارێزگای سەڵاحەدین ژمارەیەک کرێکاری شارەوانی لە کاتی کارکردن و پاککردنەوەی ڕێڕەوی پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆدا پێنج لەو کرێکارانە تووشی خنکان و تەنگەنەفەسی بوون کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دووانیان و تێکچوونی باری تەندروستی سێ کرێکاری دیکە.

مستەفا ئەمین، ئێشکگر لە نەخۆشخانەی گشتی قەزای دۆر بە 964ـی وت،” پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج کرێکار گەیەندرانە بەشی فریاکەوتن کە بەهۆی هەڵمژینی گازی ژەهراوی لە ناو پڕۆژەی ئاوەڕۆکەدا تووشی خنکان ببوون”.

وتیشی، پاش هەوڵدانێکی زۆر و پێدانی چارەسەری سەرەتایی، دوو لە کرێکارەکان گیانیان لەدەستدا و لەئێستادا سێ کرێکارەکەی دیکەش لەژێر چاودێری چڕدان و باری تەندروستییان ناجێگیرە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دۆر، بە 964ـی وت، “تیمەکانی بەڵگەی تاوان و بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە کرێکارەکان لە قوڵاییەکی زۆردا خەریکی کارکردن بوون و ڕێکارەکانی سەلامەتی وەک بەکارهێنانی ماسک و ئۆکسجین پەیڕەو نەکراوە”.

لەئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە بۆ دیاریکردنی هەر کەمتەرخەمییەک لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە.

​ئەم رووداوە جارێکی دیکە پرسی پاراستنی ژیانی کرێکاران و نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی پیشەیی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا هێنایەوە بەرباس، لە کاتێکدا کە خێزانی قوربانییەکان داوای لێپێچینەوە لە هۆکاری رووداوەکە دەکەن.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری