لیژنەی بەرگری لەهەولێر بوون

کۆبوونەوە کرا؛ ئیمتیازاتی هێزە ئەمنییەکانی عێراق پێشمەرگەش بگرێتەوە

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی پێشمەرگە داوی کرد یاسا و ئیمتیازاتی هێزە ئەمنییەکانی عێراق پێشمەرگەش بگرێتەوە، سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ هەریەک لە شیروان دووبەردانی و چیمەن بارزانی، ئەندامانی لیژنەی ئەمن و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 6.5.2026، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ، لە کۆبوونەوەکەدا کە لە دیوانی وەزارەت لە هەولێر بەڕێوەچووە، جەخت لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی ئەمن و بەرگری پەرلەمان کرایەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق کراوە. هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی یاسایی کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە هێزی پێشمەرگە وەک بەشێکی سەرەکی لە سیستەمی بەرگریی عێراق، لە تەواوی بڕیار و یاسا پەیوەندیدارەکان بە هێزە ئەمنییەکانەوە رەنگدانەوەی هەبێت.

​تەوەرێکی تری گفتوگۆکان تایبەت بوو بەو پڕۆژە یاسایانەی کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە هێزە چەکدارەکان دەکەن؛ لەم رووەوە، وەزارەتەکە نوسیوویەتی، پێویستە هێزی پێشمەرگە هاوشانی هێزە عێراقییەکانی تر، بەشێکی سەرەکی بێت لە سوودمەندبووان لەو ئیمتیازات و پڕۆژە یاسا نوێیانە.