بۆ دهۆک و سلێمانی

وەزیری داد دەسەڵاتی دادنووسی بە چوار فەرمانبەردا

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی داد دەڵێ، بۆ باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتییان و خێرا رایکردنی مامەڵەکانیان، رۆژی چوارشەممە 6.5.2026، لەبەردەم وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چوار فەرمانبەری وەزارەتی داد، سوێندی یاساییان خوارد، و دەسەڵاتی دادنووسیان پێدرا.

بریکاری وەزارەتی داد و بەڕێوبەری گشتی داد، وە بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەکانی داد ئامادەی بوون.

پرژان سەلام ئەحمەد، بۆ فەرمانگەی دادنووسی دهۆک

رووناک ئەحمەد محەمەد بۆ فەرمانگەی دادنووسی دووەمی سلێمانی

سیڤان زوهێر یاسین بۆ فەرمانگەی دادنووسی ئێوارانی دهۆک

وچەکڤان محەمەد ئەحمەد بۆ فەرمانگەی دادنووسی دهۆک

وەزارەتەکە دەڵێ، ئەو چوار فەرمانبەرە سوێندی یاساییان خواردووە، لەمەودوا ئەوان دەسەڵاتی دادنووسی بەکاردێنن زیاد لەو کاروئیشەیان کە پێشتر لە فەرمانگەکانی خۆیاندا کردوویانە.

وەزیری داد لە وتەیەکیدا داوای لێکردن بە وریاییەوە بڕگە بەبڕگەی مادەکانی یاسایی دادنووسی جێبەجێ بکەن و ئاگاداری ئەو یاسایانەش بن کە بە ئیشوکارەکانیانەوە پەیوەستن، لە ئەنجامدانی کارەکانیاندا بە پێی یاساو لە چوارچێوەی یاسادا، هاوکاری هاووڵاتیان بکەن.

وەزیر ئەوەشی وتووە، نابێت لەسەر داوای هیچ کەسی فەرمی و نافەرمی، هیچ کارێک دژبە یاسا ئەنجام بدەن، ئەوەش بە گوێرەی راگەیەندراوەەکەی وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان.