لیژنە پێکهێنرا
دەیان ملیۆن دۆلاری هاوڵاتیانی زاخۆ دیار نەماوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
خاوەن نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە زاخۆ خۆی ون کردووە و قسەوباسی ئەوە هەیە بڕی 60 تا 100 ملیۆن دۆلاری هاوڵاتیانی بردبێت، سەرچاوەیەکی باڵای پۆلیسی زاخۆ بە 964 وت، لیژنەیەکی تایبەت خەریکی بەدواداچوونی وردە بۆ کەیسەکە و نایەڵن مافی هاوڵاتیان بخورێت
لە روژی شەممەی رابردوو 2.5.2026 دەنگۆی دیارنەمانی خاوەن نووسینگەیەکی دراوگۆرینەوە لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە، قسە وباسی زۆر لەسەر بڕە پارەکە کرا، هەندێک دەڵێن 60 ملیۆن دۆلارن و هەندێکیش دەڵێن 100 ملیۆن دولار، کەسوکاری گەنجە خاوەن نووسینگەکەش ئەم دەنگۆیانە رەت دەکەنەوە.
چیرۆکەکە چییە؟
لە رۆژی شەممەی رابردووەوە، گەنجێکی خاوەن نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە زاخۆ بێسەروشوێن بوو، دوای چوار رۆژ لە بێدەنگی، گەنجەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و بێ ئەوەی شوێنی خۆی ئاشکرا بکات، قورئانێک لەناودەستی دابوو وەک ئەوەی بیەوێت چەند راستییەک بۆ خەڵک و ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە بابەتەکەیەوە هەیە بڵێت و پەردەی لەسەر هەندێک وردەکاری لادا.
خاوەنی نووسینگەکە چی دەڵێت؟
گەنجەکە لە ڤیدیۆکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیایەکدا هەبووە، بەڵام دواتر بەبێ ئەوەی هۆکارەکە بزانن گرێبەستەکە هەڵوەشاوەتەوە، هەروەها تۆمەتی ئەوە دەخاتە پاڵ “کەسایەتییەکی دیاری ئیدارەی زاخۆ” کە ماوەی چەند ساڵێکە هەوڵی ناشرینکردنی ناوبانگی خۆی و بنەماڵەکەی دەدات و دەڵێت: “ئەو لایەنە چاوی بە سەرکەوتنەکانمان هەڵنەدەهات و وەک کێبڕکێیەک بەردەوام کاری بۆ تێکشکاندنی ئێمە دەکرد، ئێستاش پلانەکەی سەریگرت.”
خاوەنی نووسینگەکە جەخت دەکاتەوە: “ئەگەر پارەی خەڵکەکە نەهێنمەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیەنە سەر خەت، ئەوا تابووتەکەم دێتەوە بۆ زاخۆ نەک خۆم.”
بڕی پارە دیارنەماوەکە چەندە؟
دەنگۆکان لە ناو بازاڕی زاخۆدا جیاوازن، هەندێک باس لە 60 ملیۆن دۆلار و هەندێکی تریش باس لە 100 ملیۆن دۆلار دەکەن.
حەجی شام، باوکی گەنجەکە ئەو ژمارانە رەتدەکاتەوە و بە 964 وت، “ئێمەش بە وردی بڕەکەی نازانین، بەڵام بەو شێوەیە گەورە نییە کە باس دەکرێت.”
داوا لەلایەنە ئەمنی و پەیوەندیدارەکان دەکەم زوو بێنە سەرخەت و ئەم بابەتە چارەسەر بکەن، چونکە لە قسەکانی کوڕم وادەردەکەوێت هەندێک کەس هۆکاری ئەم کێشەیەن و ناخوازین شتی ناخۆشتر بەدوای ئەم کێشەیەدا بێت، حەجی شام وای وت.
سەرچاوەیەکی باڵا لە پۆلیسی زاخۆ بە 964 وت، لیژنەیەکی تایبەت خەریکی بەدواداچوونی وردە بۆ کەیسەکە و دڵنیایی دەدەن، کە مافی هیچ لایەنێک نافەوتێت.
داواش لە میدیا و هاوڵاتیانیش دەکەن پێش رووداوەکان نەکەون و چاوەڕوانی بڕیاری دادگا بن، کە دواتر هەموو راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا