"بە رێککەوتن رازی بن گەمارۆکە لادەبەین"

ترەمپ: ئێرانییەکان رێکنەکەون توندتر لە جاران بۆردومانیان دەکەینەوە

ژووری هەواڵ

سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا دەڵێت، ئەگەر ئێرانییەکان بە رێککەوتنەکە رازی بن ئۆپەراسیۆنی “تووڕەی داستان‌ئامێز” کۆتایی دێت، بەڵام ئەگەر رازی نەبن ئەمجارە زۆر بەچڕی و توندتر لە جاران بۆردومان دەستپێدەکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا دەربارەی رێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ رایگەیاند، “گریمان ئێران رازی بێت لەسەر ئەوەی لەسەری رێککەوتووین، کە رەنگە ئەمە گریمانەیەکی بەهێز بێت، ئەوا ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستان‌ئامێز) کۆتایی پێدێت، هەروەها ئەو گەمارۆیەی کە زۆر کاریگەری هەبوو، لادەبرێت و گەرووی هورموز بە ڕووی هەموواندا دەکرێتەوە، بە ئێرانیشەوە”.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا رووی دەمی دەکاتە دەسەڵاتدارانی ئێران و دەڵێت، “ئەگەر رازی نەبن بە رێککەوتنەکە، ئەوا بۆردومان زۆر چڕتر و توندتر لە جاری پێشوو دەستپێدەکاتەوە”.

ئەم پەیامەی ترەمپ لەکاتێکدایە کە ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی ئەمڕۆ چوارشەممە 6.5.2026 بڵاویکردەوە، رێککەوتنێکی “یەک لاپەڕەیی” لەنێوان واشنتن و تاران لە ئارادایە و خەریکە رێکدەکەون بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ململانێیەکان.