هەلی کاریش دەڕەخسێنێت

كەركوك دەبێتە خاوەنی یەكەم دارستان و ناوچەیەکی گەشتیاری

964+
محەمەد فاتیح

دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی دارستان لە كەركوك كەوتە بواری جێبەحێكردنەوە کە لەسەر ڕووبەری شەش هەزار دۆنم لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگاکە دروست دەكرێت.

رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک دەڵێت، پڕۆژەی دارستانی کەرکوک یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی گەشتیاری کە هەلی کاری باش بۆ هاوڵاتیان دەڕەخسێنێت، پڕۆژەکە لە گوندی شۆرجە لەسەر رووبەری شەش هەزار دۆنم جێبەجێدەکرێت و دەبێتە یەکەم دارستان لە کەرکوک.

قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بە چاندنی 10 هەزار نەمام لەسەر رووبەری 100 دۆنم دەستیپێكرد و بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، کەرکوک دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری و کات بەسەربردن و هاوڵاتیان لە سەرتاسەری عێراق سەردانی دەکەن، پارێزگاری کەرکوک واى وت.

كەركوك شارێکە کە لەڕووی دانیشتووان و مێژووەوە کوردستانییە و دەکەوێتە باشووری کوردستان و پێکھاتووە لە نەتەوەکانی کورد کە زۆرینەن و بە پلەی دوو عەرەب، دواتر تورکمان و پاشان کلدان و ئاشووری.