پارێزگاری سلێمانی بۆ کونسڵی ئێران:
“هێرشەکانتان بۆ سەر هەرێمی کوردستان راگرن”
فەرهاد حەسەن
پارێزگاری سلێمانی داوا لە کونسوڵی ئێران دەکات هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی رابگرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، پێشوازیکرد لە سەید محەمەدی میر حوسەینی کونسوڵی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی و ئەم داواکارییەی ئاڕاستە کرد.
پارێزگای سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانیی و کلتورییەکان کرا.
پارێزگار داوای لە کونسوڵی ئێران کردووە کە “هێرش و بۆردومانە سەربازییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و سنوری پارێزگای سلێمانی رابگیرێت و دۆخە نائاساییەکانی ماوەی جەنگ، ئاسایی بکرێنەوە”.
هەڤاڵ ئەبوبەکر داواشی کردووە “هەرێمی کوردستان کە سیاسەتی بێلایەنی پەیڕەو کردووە، نەکرێتە بەشێک لە جەمسەری شەڕو ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان”.