ئەمڕۆ

ئەو گەنجەی تەقەی لە نزیک کۆشکی سپی کرد کوژرا

ترەمپ گوێى لێبووە؟

وریا فەتاح

ئێوارەی رۆژی شەممە بە کاتى ئەمریکا و بەرەبەیانى ئەمڕۆ بە کاتى هەرێمى کوردستان، گەنجێک لە نزیک کۆشکی سپی لە واشنتۆن چەکەکەی دەرهێنا و دەستی بە تەقەکردن کرد، بەڵام دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سەرۆکایەتیـەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی CBSـی ئەمریکی، ئەو کەسەی کوژراوە ناوی “ناسیر بێست”ـە و تەمەنی 21 ساڵە. چەکێکی جۆری دەمانچەی بەکارهێناوە و لە رووداوەکەدا هاوڵاتییەکی مەدەنیش بریندار بووە، بەڵام هیچ کارمەندێکی ئەمنی زیانی پێنەگەیشتووە.

ناسیر بێست کەسێکی نەناسراو نەبووە لای هێزە ئەمنییەکان، پێشتر کێشەی تەندروستی دەروونی هەبووە. لە تەممووزی 2025ـدا هەوڵیدابوو بەزۆر بچێتە ناو کۆشکی سپییەوە، بەڵام دەستگیرکرا و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی دەروونی کرا.

دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “تروس سۆشیاڵ” پەیامێکی بڵاوکردەوە و سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کرد بۆ کاردانەوە خێراکەیان. ترەمپ وتی، “ئەم رووداوە دەریدەخات کە چەندە گرنگە سەلامەتترین شوێن لە واشنتۆن بۆ پاراستنی سەرۆکەکانی داهاتوو دروست بکرێت”.

ساتی رووداوەکە ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لێکەوتەوە. پەیامنێرانی کۆشکی سپی کە لە باخچەی دەرەوە بوون، بەپەلە رایانکردە ژووری رۆژنامەوانی و بۆ ماوەی نیو کاتژمێر دەرگایان لەسەر قفڵ کرا.

سێلینا وانگ، پەیامنێری کەناڵی ABC دەڵێت، “کاتێک دەنگی تەقەکانمان بیست، پێیان وتین بە خێرایی رابکەینە ژوورەوە و خۆمان حەشار بدەین”. ئارۆن ناڤارۆ، پەیامنێری CBSـیش دەڵێت دەنگی تەقەکان وا دەردەکەوت لە چەند چەکێکی جیاوازەوە بێت.

روون نییە لە کاتی رووداوەکەدا ترەمپ لە کوێی کۆشکی سپی بووە و ئایا گوێی لە دەنگی تەقەکان بووە یاخود نا.

ئەم ڕووداوە تەنیا مانگێک دوای تەقەکردنەکەی سەر خوانێکی رۆژنامەنووسان دێت لە کۆشکی سپی. هەر لەدوای رووداوەکەش، بەرپرسانی باڵای کۆنگرێسی ئەمریکا، لەوانە مایک جۆنسن و جۆن سون، ستایشی هێزە ئەمنییەکانیان کرد بۆ پاراستنی سەرۆک و کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.

.

لە کاردانەوەی ئەم رووداوەدا، دۆناڵد ترەمپ پشتڕاستی کردەوە کە پاش شەڕەتەقە لەگەڵ کارمەندانی دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی، چەکدارەکە کوژراوە.

ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم جۆرە رووداوانە ئەوە دەردەخەن کە تا چەند گرنگە سەلامەتترین و پارێزراوترین ناوچە لە واشنتۆن بۆ سەرجەم سەرۆکەکانی داهاتوو دابین بکرێت.