دوو هۆکار خۆپیشاندانی چەمچەماڵییەکانی دواخست
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بڕیار بوو سبەی یەکشەممە بەشێک لە دانیشتوانی چەمچەماڵ لە بەردەم قائیمقامییەتی شارەکەدا خۆپیشاندان بکەن. سەرپەرشتیارێکی خۆپیشدانەکە دەڵێت؛ بەهۆی گومانمان لە دروستکردنی ئاڵۆزی و بەڵێنی باشترکردنی کارەبا دوامان خستووە.
تۆڕی 964 دەزانێت، داواکاریی خۆپیشاندەرانی چەمچەماڵ، کە بڕیار بوو بۆی بچنە سەرشەقام کارەبای نیشتیمانیی بەردەوام و قیرتاوکردنی گەڕەکی 48ـەکان و لادانی بەرپرسە کەمتەرخەمەکان و وەرگرتنی پارەی پترۆدۆلار بوو.
هەڵوێستمان نەریمان یەکێک لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکە بە تۆڕی 964ی وت؛ بەهۆی گومانمان لە دەستێک بۆ ئاڵۆزکردنی خۆپیشاندانەکە و چەند بەڵێنێک بۆ چاککردنی دۆخی کارەبا و داواکارییەکانی ترمان خۆپیشاندانەکەمان بۆ کاتێکی نادیار دواخست.
پێشتر لە پێنجوێن خۆپیشاندان و مانگرتنی هاوڵاتیان تا جێبەجێکردنی داواکانیان بەردەوام بوو. ماوەی 11 رۆژیشە خۆپیشاندەرانی دەربەندیخان لەسەر شەقامن.
رەمەک رەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی 964ی راگەیاند: ئێمە هەموو کات پشتگیری هەموو خۆپیشاندانێک دەکەین، کە بۆ داواکاری خەڵک و خزمەتگوزاری بێت.
دەشڵێت؛ ئەو خۆپیشاندانەی سبەینێ دواخراوە و قسەمان لەگەڵ سەرپەرشتیارەکانی کردووە، بەڵام نازانین ئاخۆ لە کاتی تردا ئەنجامی دەدەن یاخود نا.