لەبیریان نەکردووە
لە عاموداوە بۆ گەرمیان؛ ئەنفال ئەو برینە هەرگیز ساڕێژ نابێت
964
گەرناس مەعۆ- عامودا
لەگەڵ هاتنی 14ـی نیسان، ساڵیادی شاڵاوى ئەنفال، کوردانی رۆژئاوای کوردستان وەک یادەوەرییەکی تاڵ و برینێکی نەتەوەیی هاوبەش، یادی ئەو کارەساتە دەکەنەوە و هاوسۆزیی خۆیان بۆ خوشک و براکانیان لە باشووری کوردستان دووپات دەکەنەوە.
ئەمڕۆ، لە 38ـەمین ساڵیادی ئەنفالدا، ژمارەیەک لە دانیشتووانی شاری عامودا لە رۆژئاوای کوردستان بۆ 964 قسەیان کرد و جەختیان کردەوە کە مێژووی پڕ لە ئازاری کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت، یەک مێژووە و برینەکەی لە دڵ و دەروونی هەموو کوردێکدا زیندووە.
هاوڵاتیانی عامودا ئاماژەیان بەوە کرد، کە نە تاوانی ئەنفال و نە کیمیابارانی هەڵەبجە لە بیرەوەرییاندا کاڵ نابێتەوە. ئەوان دەڵێن، ئەو تاوانانەی رژێمى پێشووی عێراق ئەنجامیدان، تەنیا دژ بە کوردانی باشوور نەبوو، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد لەسەر ئاستی جیهان.
یەکێک لە دانیشتووانی شارەکە بە 964ـی راگەیاند: “هەموو ئەو ستەم و کوشتارەی ئەنجامدرا، بۆ ئەوە بوو کورد لەسەر نەخشە بسڕنەوە و لەناوی ببەن، بەڵام خۆڕاگریی گەلەکەمان وایکرد کورد بمێنێتەوە و ئێستاش بە سەربەرزی لەسەر خاک و ئاوی خۆی دەژیت.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح