ئاڵای ئەمریكا و ئاڵای ئێران
میدیای ئەمریکا:
ئەمریکا لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەگفتوگۆدایە
ئەرسەلان عەبدوڵا
ماڵپەڕی هەواڵی ئاکسیۆسی ئەمریکی رایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف نێردراوی کۆشکی سپی و عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دانوستانی ناڕاستەوخۆ بە ناوبژیوانی وڵاتانی ئیسلامی ئەنجام دەدەن، هەروەها دەڵێن گفتوگۆی ویتکۆف و جارید کۆشنەر لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانیش هەیە.
ماڵپەڕەکە ئەمڕۆ دووشەممە 23.3.2026، بڵاویکردەوە، “ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری کۆشکی سپی و عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دانوستانی ناڕاستەوخۆ ئەنجام دەدەن”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “تورکیا، میسر و پاکستان لەو وڵاتانەن کە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا پەیامی نێوان ئەمریکا و ئێرانیان گەیاندووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەرپرسانی پلە باڵای سێ وڵات گفتوگۆی جیایان لەگەڵ ویتکۆف و عەراقچی ئەنجامداوە، دانوستانەکان لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە هەڵپەسێردراوانەی کە ماون، ئەنجامدەدرێن”.
سەرچاوەکە هەروەها ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر نوێنەرانی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران محەمەد باقر قالیباف گفتوگۆ دەکەن.
ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپیش رایگەیاند گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە و سووریشن لەسەر رێککەوتن.