بۆ رێکەوتن لەگەڵ ئێران
میدیاکانی پاکستان باس لە سەردانی ترەمپ دەکەن بۆ ئیسلام ئاباد
964+
فەرهاد حەسەن
میدیاکانی پاکستان، ئەمڕۆ سێشەممە ئاشکرایان کرد کە ئەگەرێک هەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەچێتە شاری ئیسلام ئاباد لە پاکستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی ئێرانی بە مەبەستی داڕشتنی کۆتا دەستکارییەکانی رێکەوتنی ئیسلام ئاباد.
رۆژنامەی The Pakistan Observer لە هەواڵێکدا بڵاویکردووەتەوە “ئەگەرێکی بەهێز هەیە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەردانی ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بکات بۆ کۆتاییهێنان بە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران”.
رۆژنامەکە لە زاری ساجد تەرار، شرۆڤەکاری پەیوەندییەکانی ئەمریکا – پاکستان و جیۆپۆلیتیکی باشووری ئاسیا دەڵێت “دەنگۆکان لە واشنتۆنی پایتەخت ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرۆک ترەمپ خۆی دەچێتە ئیسلام ئاباد بۆ بینینی وەفدی ئێرانی و تەواوکردنی رێکەوتنی ئیسلام ئاباد”.
ئەوەشی روونکردووەتەوە کە “رەنگە هەردوولا لە زووترین کاتدا و لە رۆژی پێنجشەممەی داهاتووەوە دەست بە گەڕی دووەمی گفتوگۆکان بکەن”.
هەر ئەمڕۆش، دۆناڵد ترەمپ جەختیکردەوە کە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە پایتەختی پاکستان، رەنگە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا بێت.