ئەوانەى بەهۆى جەنگەوە تووش بوون
وەزارەتی ناوخۆ سزای دارایی لەسەر بیانییان هەڵدەگرێت و ئاسانکاریی نوێ رادەگەیەنێت
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زنجیرەیەک بڕیاری نوێی بۆ لێخۆشبوون لە سزای دارایی ئەو کەسە بیانییانە دەرکرد کە بەهۆی بارودۆخی شەڕ و نالەباریی ناوچەکەوە نەیانتوانیوە گەشت بکەن یان نشینگەکانیان نوێ بکەنەوە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکان، لێخۆشبوونەکە سێ گرووپی سەرەکی دەگرێتەوە و تەنیا تاوەکو 30ـی نیسانی 2026 کارا دەبێت:
1. بیانییانی دەرەوەی هەرێم:
ئەوانەی نشینگەکەیان لە دوای 28ـی شوباتی 2026 بەسەرچووە، دەتوانن تا کۆتایی ئەم مانگە (نیسان) بە هەمان کارتی نشینگە بگەڕێنەوە هەرێم و بەبێ سزا نوێی بکەنەوە. دوای ئەو بەروارە، پێویستیان بە ڤیزای نوێ دەبێت.
2. بیانییانی ناو هەرێم (بۆ مەبەستی گەشت):
ئەو کەسانەی نشینگە یان پاسپۆرتەکەیان بەسەرچووە و دەیانەوێت گەشت بکەن، تا 30ـی نیسان بەبێ سزا مۆری دەرچوونیان بۆ دەکرێت. هەروەها ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕەوە مامەڵەی پاسپۆرتەکەیان دواکەوتووە، ئەگەر بەڵگەیان هەبێت لە سزا دەبوردرێن.
3. گەشتیاران (خاوەن ڤیزا):
ئەو گەشتیارانەی ڤیزاکەیان لە دوای 28ـی شوبات بەسەرچووە، دەتوانن بێ سزا لە فڕۆکەخانە و دەروازەکانەوە بچنە دەرەوە. ئەوانەشی دەیانەوێت ڤیزا بگۆڕن بۆ نشینگە، بەبێ سزا مامەڵەیان بۆ دەکرێت.
وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردووەتەوە کە ئەم بڕیارانە کاتیین و پێویستە هاوڵاتیانی بیانی پێش کۆتایی هاتنی مانگی نیسان سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان.