دایکان و باوکان ئاگاداربن

هۆشدارى دەدرێت؛ ماتۆڕە بێزارکەرەکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت

964+
وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر هەڵمەتێکی فراوانی شەوانەی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ماتۆڕسکیلانە دەستپێکرد کە دەبنە هۆی هەراسانکردنی هاووڵاتیان و سەرکێشی لەسەر شەقامەکان دەکەن.

بەپێی راگەیەندراوێکی هاتووچۆی هەولێر، مەفرەزەکانیان راسپێردراون دەست بەسەر هەموو ئەو ماتۆڕسکیلانەدا بگرن کە:
• بێ تابلۆ و بێ سەرەتان.
• دەنگیان بەرزە و دەبنە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتیان.
• شۆفێرەکانیان مانۆر و سەرکێشی دەکەن و ژیانی خۆیان و خەڵک دەخەنە مەترسییەوە.
هاتووچۆی هەولێر داوا لە دایکان و باوکان دەکات “پارەی خۆیان بەفیڕۆ نەدەن” و ئەو جۆرە ماتۆڕانە بۆ منداڵە هەرزەکارەکانیان نەکڕن، چونکە هەم مەترسییە بۆ سەر ژیانیان و هەم لە کاتی دەستبەسەرداگرتنیاندا نادرێنەوە بە خاوەنەکانیان.
بۆ یەکەمجار، هاتووچۆی هەولێر داوا لە هاووڵاتیان دەکات هاوکاریان بن لە رێگەی ناردنی زانیارییەوە:
• چۆنیەتی هاوکاری: لە هەر شوێنێک ماتۆڕسوارێک بووە هۆی بێزاری، هاووڵاتیان دەتوانن (Location) یان شوێنی سەرپێچییەکە بنێرن.
• ژمارەی وەتسئەپ: دەتوانن زانیارییەکان بۆ ژمارە (07506009545) رەوانە بکەن.