22 كەس بە تۆمەتی برەودان بە حزبی بەعس دەستگیر كران
لە شارە جیاجیاكانی عێراق
22 كەس بە تۆمەتی برەودان بە حزبی بەعس دەستگیر كران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەستگیرکردنی 22 كەسی بە تۆمەتی برەودان بە حزبی بەعسی هەڵوەشاوە دەستگیر كرد.
دەزگاكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13.3.2025 لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرا كرد، مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، توانیویانە 22 تۆمەتبار لە پارێزگا جیاوازەکان دەستگیر بکەن، بەهۆی ئەنجامدانی چالاکی و برەودان بۆ بیری حزبی بەعسی قەدەغەكراو.
ئاماژەیان بەوەش كرد، “دەستگیرکردنەکان لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی دروست و بەدواداچوونی بەردەوامی مەیدانی بووە، هەروەها دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی پێویستی دادوەر بووە.
“تۆمەتباران بەپێی بڕگەکانی مادەکانی هەشت و نۆی یاسای قەدەغەکردنی حزبی بەعس دەستگیرکراون” دەزگای ئاسایشی نیشتمانی وادەڵێت.
دەزگاكە دەڵێت، لە جێبەجێکردنی یاسا بە ئامانجی پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی بنەماکانی دەستوور بەردەوامن.