نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
بۆچی دەچێ؟
نێچیرڤان بارزانی ئەم ئێوارەیە سەردانی بەغدا دەکات
ئەحمەد مستەفا
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 5.8.2026، سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، سەردانی بەغدا دەكات.
ئەمە قسەی دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی کوردستانە.
بەپێی لێدوانەکەی وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی کورددتان، هەر چوار سەرۆكایەتییەکەی عێراقی فیدراڵ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی فیدراڵی بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسی پەیوەست بە دۆخی ئێستای عێراق، دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە بە گشتی و چۆنییەتی هەماهەنگی و هاریكاریی نێوان هەموو لایەنەكان تاوتوێ دەكرێن.
دڵشاد سەهاب دەڵێ، لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، سەرۆکی هەرێم دیدار و كۆبوونەوەی دیکە ئەنجام دەدات و پرسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و کارکردنی هاوبەش بە ئاراستەی هەماهەنگی و هاریکاریی زیاتری نێوانیان، تاوتوێ دەکات.