بەشێک لە بەرپرسانی پەکەکە بە لۆگۆ و وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان دەرکەوتوون - وێنە: ئەرشیف
گەیشتووەتە پەڕلەمانی تورکیا
پڕۆژەیاسایەک ئامادەیە رێگە بەگەڕانەوەی گەریلاکانی “پەکەکە” دەدات
ئەحمەد مستەفا
تورکیا پرۆژەیاسایەکی نوێی بە مەبەستی ئاشتی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان “پهكهكه” و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەیان، کە لە 12 ماددە پێکهاتووە، رادەستی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردووە.
ئەم پرۆژەیاسایە کە لە ژێر ناوی “بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی” ئامادەکراوە، رێگە بە گەڕانەوەی هەزاران گەریلای پهكهكه دەدات بۆ وڵاتەکە.
ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە دۆزینەوەی میکانیزمێکی یاسایی و دادوەرییە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆخی سەرجەم ئەو کەسانەی کە دەستبەرداری خەباتی چەکداری دەبن و هەوڵدانە بۆ دووبارە تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگەدا، دەم پارتی و پارتەکانی دیکە واژۆیان لەسەر پڕۆژەکە کرد.
دواتر، تولای حاتیمۆغولاریی و تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایانگەیاند، رەشنووسی یاسای چوارچێوە قۆناغێکی مێژووییە، واژۆیەکە لە پێناو داهاتووی هاوبەش و بانگەوازیان لە هەمووان کرد کە پشتیوانی لێ بکەن.
هەروەها باسیان لەوەکرد، ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی نوێ لە سیاسەتی تورکیادا هەڵدەدرێتەوە، لەبەرئەوەی دوای بانگەوازەکەی ئۆجالان یەکەم جارە داهاتوویەک بەیەکەوە دەنووسینەوە، ئەمە بۆ هەموومان دەرفەتێکە و دەمانەوێت 86 ملیۆن کەس سوودی لێ ببینن، ئەمە دەستپێکێکی گرنگە.
پاشان تولای حاتیمۆغولاریی رایگەیاند، دوای دوو ساڵ لە دانوستان، پڕۆژەیاسای چوارچێوەیی کە ئەمڕۆ پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت مێژووییە، کۆمسیۆنەکەی پێکهێندرا و قۆناغێکی گرنگ بوو، راپۆرتی کۆمسیۆنەکەش مێژوویی و گرنگ بوو، یەکێک لە قۆناغە مێژووییەکانیش چوونی کۆمسیۆنەکە بوو بۆ دوورگەی ئیمراڵی.