تۆمەتی سەر بەڕێوەبەرەکەی دەگۆڕێت
ئەمریکا ‘فڵای بەغداد’ لە لیستی سزاکان دەردەهێنێت
وریا فەتاح
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، گۆڕانکاریی نوێی لە لیستی رەشی سزاکانیدا راگەیاند. بەپێی بڕیارە نوێیەکە، کۆمپانیای فڕۆکەوانی “فڵای بەغداد” و فڕۆکەکانی لە لیستی سزاکان سڕاونەتەوە، بەڵام سزاکانی سەر بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە هێڵراونەتەوە و هۆکاری سزادانەکەی گۆڕدراوە.
لە نوێترین پێداچوونەوەیدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاریدا ناوی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی فڵای بەغداد (Fly Baghdad) کە بە (عێراق ئێکسپرێس – IRAQ EXPRESS)یش ناسراوە، لەگەڵ سەرجەم ناونیشانە تۆمارکراوەکانی لە ناوچەکانی (بابل و جادرییە)ـی شاری بەغدا لە لیستی سزاکان دەربهێنێت.
پێشتر ئەم کۆمپانیایە بەپێی بڕیاری جێبەجێکردنی ژمارە 13224 و تۆمەتی تێوەگلان و هەبوونی پەیوەندی بە “فەیلەقی قودس”ـی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە خرابووە ناو لیستەکەوە.
هاوکات، سزای سەر دوو فڕۆکەی نەفەرهەڵگری سەر بەو کۆمپانیایە لە جۆری بۆینگ 737 کە هەڵگری ژمارەکانی (YI-BAF) و (YI-BAN) بوون، بە یەکجاری هەڵگیرا.
سەرەڕای لێخۆشبوون لە کۆمپانیاکە، ئەمریکا گۆڕانکارییەکی گرنگی لە دۆسیەی (بەشیر عەبدولکازم عەلوان شەبانی)، بەڕێوەبەری فڵای بەغداد ئەنجامداوە و لە لیستی رەشدا وەک خۆی هێڵراوەتەوە، بەڵام هۆکار و پاساوی سزادانەکەی گۆڕدراوە.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی یاساکانی مەترسیی سەپاندنی سزای لاوەکییە بۆ سەر ئەو کەس و لایەنانەی کە کارئاسانی یان پاڵپشتیی دارایی و لۆجستی بۆ رێکخراوە سزادراوەکان دابین دەکەن.