هێشتا گۆڕینى رێڕەوى ئاوەکە تەواو نەبووە

20 رۆژە تەرمى گەنجەکەى گەرمیان لەژێر ئاوە

میلاد جەلال- گەرمیان

دوای تێپەڕبوونی 20 رۆژ بەسەر خنکانی گەنجێکدا لە رووباری سیروان، هێشتا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە. بەهۆی بەرزیی ئاستی ئاوەکە و نەبوونی ئامێری پێویستەوە، هەوڵەکان بۆ گۆڕینی رێڕەوی رووبارەکە بەمەبەستی دۆزینەوەی تەرمەکە، رووبەڕووی ئاستەنگیی گەورە بوونەتەوە.

عەلی حەیدەر، کە گەنجێکی خۆبەخشە و لە یەکەم رۆژەوە بەردەوامە لە گەڕان بەدوای تەرمەکەدا، بە 964ـی راگەیاند، زۆریی ئاوی رووبارەکە کارەکانیانی بۆ گۆڕینی رێڕەوی ئاوەکە زۆر قورس کردووە.

ئەو گەنجە خۆبەخشە رەخنە لە کەمیی هاوکارییەکان دەگرێت و دەڵێت: “ئامێرێکی زۆر کەممان لەبەردەستدایە، زۆرجار بەڵێنمان پێ دەدەن ئامێرمان بۆ بنێرن، کەچی کاتێک دێینە ئێرە دەبینین هیچ شتێک نییە، بەهۆی زۆریی ئاستی ئاوەکەشەوە بەبێ ئامێر دەرەقەتی کارەکە نایەین.”

سەبارەت بە سەختیی کارەکانیان، عەلی حەیدەر باسی لەوە کرد کە زۆرجار کارەکان دەگەیەننە قۆناغی کۆتایی، بەڵام سروشتی رووبارەکە رێگر دەبێت.

وتیشى، “ئێواران کە دەست هەڵدەگرین تەنها چەند مەترێکی کەم دەمێنێت رێڕەوی رووبارەکە بەتەواوی بگۆڕین، بەڵام بەیانیان کە دەگەڕێینەوە ئاستی ئاوەکە زیادی کردووە و تەواوی ئەو کارەی رۆژی پێشتر کردوومانە، ئاو بردوویەتی.”

تیمی خۆبەخشان داواکارییەک ئاراستەی خێرخوازان و خاوەن بارهەڵگر و ئامێرە قورسەکان دەکەن کە بەدەم بانگەوازەکەیانەوە بچن، بۆ ئەوەی بتوانن سبەینێ بە یەکجاری رێڕەوی رووبارەکە بگۆڕن و پرۆسەی دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجە خنکاوە ئاسانتر بکەن و کۆتایی بە چاوەڕوانیی خێزانەکەی بهێنن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح