ئاماری ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق؛

بەسرە لە “بازرگانیکردن بە مرۆڤ” و نەینەواش لە “خۆکوشتن” زۆرترین حاڵەتیان تۆمارکردووە

فەرهاد حەسەن

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 29.7.2026، نوێترین ئاماری تایبەت بە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، پێشێلکردنی یاسای نیشتەجێبوونی بیانییان و حاڵەتەکانی خۆکوشتنی بۆ مانگی حوزەیرانی رابردوو بڵاوکردەوە.

بەپێی ئامارەکە، لە مانگی حوزەیراندا 209 دۆسیەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە دادگاکانی تێهەڵچوونەوە تۆمارکراون، تیایدا پارێزگای بەسرە بە تۆمارکردنی 87 دۆسیە لە پلەی یەکەمدایە، دوای ئەویش دادگای کەرخ لە بەغداد دێت کە 22 دۆسیەی تۆمرکردووە و پارێزگای زیقار بە 20 دۆسیە و لە بەرانبەریشدا  دادگاکانی نەجەف و موسەننا هیچ دۆسیەیەکی لەم جۆرەیان تێدا تۆمار نەکردووە.

لەبارەی پێشێلکردنی یاسای نیشتەجێبوونی کەسانی بیانی کە یاسایەکی تایبەتی بە ژمارە 76ی ساڵی 2017 هەیە، کۆی گشتی 233 دۆسیە لەو مانگەدا تۆمارکراون، تیایدا دادگای رەسافە لە بەغداد بە 122 دۆسیە زۆرترین رێژەی تۆمار کردووە، کەرکوک بە 41 دۆسیە و قادسیە بە 19 دۆسیە لە پلەکانی دواتردا دێن، بەڵام لە زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی وەکو بەسرە، نەینەوا، بابل، زیقار، ئەنبار، سەڵاحەدین، میسان، موسەنا و کەربەلا، هیچ دۆسیەیەکی لەم جۆرە تۆمار نەکراوە.

بۆ حاڵەتەکانی خۆکوشتنیش، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە مانگی حوزەیراندا 18 حاڵەتی خۆکوشتن لە عێراق تۆمارکراون، تیایدا پارێزگای نەینەوا بە تۆمارکردنی پێنج حاڵەت لە پێشەوەی پارێزگاکاندایە، بەدوای ئەویشدا پارێزگای واست بە چوار حاڵەت دێت، هەریەک لە پارێزگاکانی بەسرە و زیقار سێ حاڵەتیان تێدا تۆمارکراوە، لە پارێزگاکانی  وەکو کەرکوک، میسان و قادسیە یەکی یەک حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراوە.