کەی تەواو دەبێت؟

یەكتربڕی هەولێر – موسڵ سەوز دەكرێت و ئاڵای كوردستانی لێ دادەنرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

كار لە پڕۆژەیەك دەكرێت بۆ سەوزكردنی یەكتربڕی رێگای هەولێر – موسڵ و رووبەڕی گشتیی پڕۆژەكە زیاتر لە 82 دۆنمە.

سەرۆكی شارەوانیی هەولێر كارزان عەبدولهادی ئەمڕۆ یەكشەممە 23.2.2025 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، كاركردن لە پرۆژەی سەوزكردنی رێگەی موسڵ – هەولێر لەگەڵ شەقامی خێرای 120 مەتری دەستیپێكردووە، كە بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ ئەم پڕۆژەیە، سێ ملیار و 422 هەزار ملیۆن و 138 هەزار دینارە.

وتیشی، زەویی پڕۆژەكە 82 دۆنمە و كارەكانیشی پێكهاتووە لە سەوزكردن بە چیمەنی چوار وەرزە بە پانتایی 25 هەزار مەتر دووجا، دانانی ئاڵای كوردستان بە بەردی رەنگاورەنگ بۆ چوار هەزار مەتر، داپۆشین و نەخشاندن بە بەرد، لێدانی دوو بیری ئاو بە قوڵایی 500 مەتر، دانانی دوو ئەمباری گەورەی ئاو.

كارزان عەبدولهادی باسی زیاتری پڕۆژەكەی كرد و وتی، سیستمی كارەبا و رووناكی و ئاودان بۆ پڕۆژەكە دادەنرێت، 40 هەزار دار و گۆڵی جۆراوجۆری لێدەچێندرێت.

بە قسەی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، لە ماوەی دوو تا سێ مانگی دیكە پڕۆژەكە تەواو دەكرێت و ئێستاش بەشێكی كارەكان ئەنجامدراون.

پلانی شارەوانیی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارێزگای هەولێر ئەوەیە رێژەی سەوزایی زیاد بكەن و بیگەیەننە ئاستێكی نموونەیی، كە لەگەڵ ستانداردی جیهانی بگونجێت.

لە ساڵی 2024 دا رێژەی سەوزایی لە هەولێر %20 زیادی کردووە

لە ساڵی 2024 دا رێژەی سەوزایی لە هەولێر %20 زیادی کردووە