"خەسو و خەزورم زۆر خۆشدەوێت"

کاسبکارێک بۆ رۆحی دایک و باوکی 400 لەفەی قاورمەی کردە خێر

964+

دیلان محەمەد- سلێمانی

کاسبکارێکی دەست و دڵ باش هەر جارە و بە بۆنەیەکەوە لەفە دەکات بە خێر و هەژاران تێردەکات و دەڵێت؛ ئەمە بۆ رۆحی دایک و باوکمە لەگەڵ خەسو خەزورم کە لە ژیاندان و زۆرم خۆشەوێن.

مەلا کاوە حامید، کاسبکارێکی دەست و دڵ باشی شاری سلێمانییە و هەر جارە و بە بۆنەیەکەوە ساڵانە خێردەکات و ئەمجارەیان بۆ رۆحی دایک و باوکیەتی و بۆ 964 دەڵێت؛ لە هاویندا قاورمە شارەزایی دەوێت بۆ ئەوەی تامی خۆشبێت، ئەو 400 لەفەیەش کە دەکەمە خێر بۆ منداڵان، جگە لە رۆحی دایک و باوکم، بۆ ماڵی خەسو و خەزوریشمە و زۆرم خۆشدەوێن.

منداڵان ریزییان بەستووە بۆ لەفە بەتامەکەی مەلا کاوە و گەنجێکێش کە لەگەڵیدا کاردەکات دەڵێت، هەرگیز توڕە نابێت و سەیرترین شت ئەوەیە، منداڵێک یان کەسێک پارەی پێ نەبێت یەکسەر لەفەیەکی پێدەدات بێ ئەوەی بڵێ پارەم پێنییە و ئەو پێی دەزانێت.

مەلا کاوە دەربارەی ئەوەی قاورمەی نۆکی ماڵەوە وەک هی دەرەوە خۆشنییە دەڵێت، ئەمە قسەی زۆر کەسە و گرنگی لە پاک و خاوێنیدایە، ئاماژەش دەکات بەوەی بە ئاشكرا یان نهێنیش بێت خێر بکەن، هەر کەسێک حەز بکات خێر بکات دەتوانێت لەرێگای مەلا کاوە بیکات و ماڵی هەژار و نەدار زۆر دەناسێت.

ئەو کاسبکارە دەست و دڵ باشە، جگە لەوەی لە خەمی هەژاران و منداڵانە لەرێگای 964ەوە تکا لەو کەسانە دەکات کە کۆمێنتی ناشرین دەنوسن وازبێنن، چونکە کەسانێک وای لێهاتووە ناوێرن بێنە بەردەم کامێراکان.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح