ناوچەی گەشتیاری بیارە. وێنە: سۆشیال میدیا
عێراق بۆی دابین کردوون
رۆژی شەممە تەوێڵە و بیارە نەوتی 60 هەزاری وەردەگرن
توانا نەقی
لە رۆژی شەممەی داهاتووە و نەوتە 60 هەزاریەکە دەگاتە ناحیەکانی تەوێڵە و بیارە و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت، جگە لەوە نەوتەکەی هەرێمیشیان وەرگرتووە.
ئەم نەوتە 60 هەزاریە بڕەکەی 200 لیترە و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابینکراوە و یەکەم وەجبەیەتی دەگاتە ئەو شوێنانە.
حەمید بارام بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بە 964ـی وت، ئەمە یەکەم جارە ئەو نەوتە دەگاتە سنوورەکەیان لە رۆژی شەممە 1.2.2025 دەست بە دابەشکردنی دەکرێت لەرێگەی کۆبوونەوە واتە کارتی نەوتەوە.
وتیشی، جگە لەو نەوتەی عێراق کە بەرمیلی 200 لیتری بە 60 هەزار دینارە هاوڵاتیان نەوتی حکومەتی هەرێمیشیان وەرگرتووە بەرمیلی بە 104 هەزار دینار.
هەورامان ناوچەیەکی سەختە و ساردە و بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بێ نەوت نەبن و یان پەنا نەبەنە بەر داربڕین هەموو ساڵێک نەوتیان بۆ دابین دەکرێت، حەمید بارام وای وت.