دوای رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا بەهای تمەن بەرزبووەوە - وێنە؛ گرافیکی 964
لە دوێنێوە یەک ملیۆنی فەرقە
دوای رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا تمەن بەرەو بەرزایی باڵ لێدەدات
شۆڕش قادری
دوای رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا 100 دۆلار بەرامبەر بە تمەن، یەک ملیۆن دابەزی.
کەیفی خۆشناو وتەبێژی بازاڕی دۆلاری هەولێر بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ 100 دۆلاری ئەمریکی بە 16 ملیۆن تمەن مامەڵە دەکرێت بە حەواڵە، لەکاتێکدا دوێنێ دەورووبەری 17 ملیۆن تمەن بوو”.
بە نەختیش، ئەمڕۆ 100 دۆلار نزیکەی 14 ملیۆن و 500 هەزار تمەن دەکات.
کەیفی خۆشناو پێیوایە ئەگەر لە رۆژانی داهاتوودا رێککەوتنەکە بەباشی بڕواتە پێش و ئیسرائیل وازبهێنێت، تمەن زیاتریش بەرزدەبێتەوە.
درەنگانی شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تروس سۆشیال ئاشکرایکرد، رێککەوتنیان لەگەڵ ئێران بە تەواوی کۆتایی هاتووە و سەرکەوتوو بووە، ئەمڕۆش، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پێشوازی لە رێککەوتنەکە کرد و رایگەیاند، “هیوادارم هەموو لایەنەکان بە نیازپاکی کاربکەن بەرەو جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکە، بە ئامانجی بەهێزکردنی سەقامگیری ناوچەکە و ئاسایش و خۆشگوزەرانی”.