کوێستان محەمەد لە رۆژی جیهانیی منداڵاندا:
لەهەرێم کار بۆ دابینکردنی موچە و خزمەتگوزاری بۆ توشبوانی ئۆتیزم دەكرێت
فەرهاد حەسەن
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، کار بۆ دابینکردنی موچە و خزمەتگوزاری بۆ منداڵانی ئۆتیزم دەکەن و ئاشکراشی کرد کە ژمارەی سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە هەرێم گەیشتوەتە 69 سەنتەر و تێچوی چارەسەریش دابەزیوە.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار، ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆنگرەیەکیرۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوەکرد کە ژمارەی سەنتەرەکانی ئۆتیزم لە 11 سەنتەرەوە بۆ 69 سەنتەر زیادیکردوە 13 یان حکومی و 56 ئەهلی، ئەمەش دوای ئەوەی رێنماییەکان بۆ کەرتی تایبەت ئاسان کران و کێبڕکێ بووە هۆی دابەزینی نرخەکان.
وتیشی “گۆڕانکاری لە رێنمایی مۆڵەتی بەخێوکەردا کراوە، بە جۆرێک ئەگەر خێزانێک زیاتر لە منداڵێکی ئۆتیزمی هەبێت، هەردوو دایک و باوکەکە دەتوانن مۆڵەت وەربگرن و تاوەكو ئێستاش 569 کەس سوودمەند بوونە”.
باسی لەوەشکرد، هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکان بەردەوامە و دۆسیەی 16 هەزار کەمئەندام و منداڵانی ئۆتیزمیان رەوانەی بەغدا کردووە تاوەکو لە بودجەی 2026ـدا تەرخانی داراییان بۆ بکرێت، دەشڵێت “تیمێکی وەزارەت بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی منداڵان ببنە خاوەنی موچەی مانگانە”.
وەزیری کار دوو بڕیاری نوێی سەرۆکی حکومەتی بۆ ئاسانکاری منداڵانی ئۆتیزم راگەیاند، کە بریتین لە پشکنین و چارەسەری بێبەرامبەر لە سەرجەم نەخۆشخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پێدانی لە پێشینەیی و راییکردنی خێرای مامەڵەکانیان لە فڕۆکەخانەکاندا بەبێ چاوەڕوانی و “ئێستاش زیاتر لە هەزار و 700 منداڵ لە سەنتەرەکاندا خزمەتگوزاری فێربوون و چارەسەر وەردەگرن”.