داوای زیادکردنی موچە و رێژەیەک لەپارەی بەرمیلی نەوت دەکەن

بەشێک لە فەرمانبەرانی کۆمپانیای هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان لە کەرکوک گردبوونەوە

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە کەرکوک فەرمانبەرانی دەستەی دووی کۆمپانیای هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عیراق گردبوونەوە و داوا دەکەن موچەکانیان زیاد بکات و رێژەیەک لە پارەی بەرمیلی نەوتیان بۆ تەرخان بکرێت.

ئەندازیار محەمەد سەعد بە 964ـی وت، “لە ساڵی 2015ـەوە وەزارەت پێمان دەڵێت، ئێوە یەکێکن لە کۆمپانیا مایەپوچەکان، بۆیە هیچ بڕە پارەیەک لە قازانجی ساڵانە و مەترسیمان بۆ خەرج ناکرێت”.

“ساڵانە بەهۆی سەختی کارەکەمان فەرمانبەر بریندار دەبێت و گیان لەدەست دەدات، داواکارین لەهەر بەرمیلێکی نەوت، تەنیا لەسەدا یەکمان بۆ تەرخان بکرێت کە ژمارەمان هەزار و 400 فەرمانبەرە لە کەرکوک”، محەمەد سەعد وای وت.

جاسم عەبدوڵا فەرمانبەر  و بەشداربوویەکی گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، “داواکارین وەک کۆمپانیاکانی دیکە وەزارەت رێژەیەک لە هەناردەکردنی نەوتمان بۆ تەرخان بکات و لەگەڵ موچەکانمان پێمان بدات”.

هاوکات زیا نازم بەشداربوویەکی دیکەی گردبوونەوەکە وتی، “دوای دەرهێنانی زێڕ، دەرهێنانی نەوت مەترسیدارترین کارە لە جیهاندا و ئیش و کاری ئێمە لە بیابانەکانە، بۆیە داوا لە بەرپرسان دەکەین، بەدەم داواکاریەکانمانەوە بێن”.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

فەرمانبەرانی نەوتی باکوور گردبووەنەوە

فەرمانبەرانی نەوتی باکوور گردبووەنەوە