پێکدادان لە نێوان دوو بارهەڵگر و تراکتۆرێک

رووداوە سەختەکەى کۆیە سێ گیانلەدەستدانى لێکەوتەوە

964+

وریا فەتاح

بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەسەر رێگای ناحیەی ئاشتی و قەزای کۆیە، هەردوو ئۆتۆمبێلەکە ئاگریان گرت و بەهۆیەوە 3 کەس گیانیان لەدەستدا و 2 کەسی دیکەش برینداربوون.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی قەزای کۆیە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە رووداوەکە لە کاتژمێر 6:50 خولەک روویداوە کە لە جۆرى پێکدادان بووە لە نیوان دوو بارهەڵکر و تراکتۆرێک.

بەپێی راگەیەندراوەکە، بەهۆی توندی پێکدادانەکەوە هەردوو بارهەڵگرەکە ئاگریان گرتووە، بەڵام دەستبەجێ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بە هەوڵ و ماندووبوونیان توانیویانە لە ماوەیەکی گونجاودا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن.

سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی رووداوەکە، بەرگری شارستانی کۆیە ئاشکرای کردووە کە رووداوەکە کارەساتبار بووە، شۆفێری هەردوو بارهەڵگرەکە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها هاوڵاتییەکی مەدەنیش کە ئافرەتە گیانی لەدەستداوە، لەگەڵ برینداربوونی 2 کەسی دیکە.