هەڵەبجە و هەولێر
لە ئێستادا دوو تەرم لە ژێر ئاودان؛ گەڕان بەدوای کچێکی گەشتیار و پێشمەرگەیەکدا بەردەوامە
وریا فەتاح
تیمەکانی مەلەوانی و فریاکەوتن و خۆبەخشان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمی دوو کەسدا کە لە دوو رووداوی جیاوازدا لەناو ئاودا خنکاون و تاوێستا چارەنووسیان نادیارە.
ماوەی 7 رۆژە کچێکی گەشتیاری عەرەبی تەمەن 11 ساڵ لە سەرچاوەی ئاوی زەڵم کەوتووەتە ناو ئاوەکە و خنکاوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی هەفتەیەک و بەردەوامی ههوڵهكان، تاوئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
لە رووداوێکی دیکەدا کە 3 رۆژ لەمەوبەر روویدا، گەنجێکی پێشمەرگەی تەمەن 22 ساڵ لە ئاوی بەنداوی گۆمەسپان خنکا. تیمەکانی غەواسی لەوێش سەرقاڵی گەڕانن، بەڵام تەرمی ئەویش هێشتا لەژێر ئاودایە و دەرنەهێنراوەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لەو ماوەیەدا لە زێى بچووک دوو تەرمى دیکە دەرهێنراونەتەوە کە یەکیان لە سنوورى پشدەر بوو ئەوەى تریش لە سنوورى سەیرانگاى بۆگد بوو لە کۆیە.