بە شۆفێرەکانیانەوە سووتاون
لە رێگاى کۆیە بۆ دوکان؛ رووداوێکى کارەساتبارى هاتوچۆ روویدا
دەریا ئەحمەد- کۆیە
کەمێک لەمەوبەر، لە رێگاى کۆیە- دوکان، تانکەرێکى سووتەمەنى و بارهەڵگرێک و تراکتۆرێک بەیەکیانداداوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
گۆران ئەحمەد، وتەبێژى بەرگرى شارستانى کۆیە بۆ 964 زانیارییەکانى بۆ 964 پشتڕاستکردووەتەوە و لە ڤیدیۆکانیش ئاگرێکى گەورە دەردەکەوێت کە بە تەواوەتى رێگاکەى داخستووە.
بەپێى لێدوانى شایەدحاڵەکان بێت کە تائێستا لەلایەنە فەرمییەکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، کچێکى بچوک لەسەر تراکتۆرەکە و شۆفێرى بارهەڵگرەکە گیانیان لەدەستداوە و شۆفێرى تراکتۆرەکە و کەسێکى تریش بریندارن.
نوێکردنەوە لە کاتژمێر 8:20 خولەک:
بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەسەر رێگای ناحیەی ئاشتی و قەزای کۆیە، هەردوو ئۆتۆمبێلەکە ئاگریان گرت و بەهۆیەوە 3 کەس گیانیان لەدەستدا و 2 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی قەزای کۆیە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە رووداوەکە لە کاتژمێر 6:50 خولەک روویداوە کە لە جۆرى پێکدادان بووە لە نیوان دوو بارهەڵکر و تراکتۆرێک.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بەهۆی توندی پێکدادانەکەوە هەردوو بارهەڵگرەکە ئاگریان گرتووە، بەڵام دەستبەجێ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بە هەوڵ و ماندووبوونیان توانیویانە لە ماوەیەکی گونجاودا ئاگرەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی رووداوەکە، بەرگری شارستانی کۆیە ئاشکرای کردووە کە رووداوەکە کارەساتبار بووە، شۆفێری هەردوو بارهەڵگرەکە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها هاوڵاتییەکی مەدەنیش کە ئافرەتە گیانی لەدەستداوە، لەگەڵ برینداربوونی 2 کەسی دیکە.