هه‌ڵه‌یەکی ته‌كنیكی بوو و "بە مه‌به‌ست نەبووە"
لەسەر بابەتی “ئاڵا و مۆندیال” ئوردن داوای لێبوردنی له عێراق کرد
فەرهاد حەسەن
به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كۆمپانیای بازاڕی ئازادی ئوردن له فڕۆكه‌خانه‌ی شاژنه عالیای نێوده‌وڵه‌تی، داوای لێبوردنی له عێراق كرد، به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵه ته‌كنیكییه بێ مه‌به‌سته‌ی كه له ئه‌نجامدا ئاڵای عێراق له كه‌ره‌سته‌ی ریكلامی ناو دامه‌زراوه‌كه‌یاندا ده‌رنه‌كه‌وتبوو.
به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كۆمپانیای بازاڕی ئازادی ئوردن ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه “داوای لێبوردنی دڵسۆزانه له براكانمان له كۆماری عێراق ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و هه‌ڵه ته‌كنیكییه بێ مه‌به‌سته‌ی كه له ئه‌نجامدا ئاڵای عێراق له كه‌ره‌سته‌ی ریكلامدا له چوارچێوه‌ی ئاسانكارییه‌كانی بازاڕی ئازاد ده‌رنه‌كه‌وتبوو”.
روونیشیكرده‌وه، ئه‌وه‌ی روویداوە له كاتی پرۆسه‌ی نوێكردنه‌وه و رێكخستنی كه‌ره‌سته‌ی رێكلامدا بووه، كه بووه‌ته هۆی ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ی کە ته‌واو بێ مه‌به‌سته، به‌ڵام دەڵێت “ده‌ستبه‌جێ ئەم هەڵەیە راستكرایه‌وه”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، شانازی و شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌مان ده‌رده‌بڕین به پاڵاوتنی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقی بۆ یاریه‌كانی مۆندیال، ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه كه هه‌موو هانده‌رانی عه‌ره‌بی و ئوردنی به‌تایبه‌ت دڵخۆش ده‌كات، به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و شوێنه تایبه‌ته‌ی كه عێراق و گه‌له گه‌وره‌كه‌ی له دڵی هه‌موو ئوردنییه‌كان هه‌ڵیگرتووه”.
ده‌رنه‌كه‌وتنی ئاڵای عێراق له ریزی وڵاتانی دیكه‌ی جیهان له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌ی شاژنه عالیای نێوده‌وڵه‌تی له ئوردن كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا و به‌شێك له‌به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، ده‌رنه‌كه‌وتنی ئاڵاكه‌یان، به لابردنی وه‌سفكرد له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئوردنه‌وه.