بەتەمەنترین بەشداربوو پەیامێکى هەیە
بە بەشداری دەیان کەس ماراسۆنی پایسکلسواری لە هەولێر بەڕێوەچوو
رێباز خدر- هەولێر
بەبۆنەی رۆژی جیهانیی پایسکلەوە، یەکێتیی پایسکلسواریی هەولێر ماراسۆنێکی بۆ زیاتر لە 60 پایسکلسوار رێکخست، کە تێیدا توێژە جیاوازەکانی وەک گەنجان، منداڵان و ژنان بەشدارییەکی بەرچاویان تێدا کرد.
لەناو بەشداربووانی ماراسۆنەکەدا، عەلی حوسێن، کە پیاوێکی دنیادیدە و بەتەمەنترین پایسکلسواری چالاکییەکە بوو، سەرنجی ئامادەبووانی بەلای خۆیدا راکێشا. ئەو بە 964ـى وت،”ماوەی 45 ساڵە بەردەوامم لە لێخوڕینی پایسکل و لاى من پایسکیل واتا تەندروستى و دڵخۆشى”.
مام عەلى، داواکارییەکی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و وتی: “پێویستە حکومەت زیاتر گرنگی بە رێگاوبانەکان بدات و هێڵی تایبەت بە پایسکلسواری بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئێمەش هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو بتوانین دوور لە مەترسییەکانی سەر شەقام، پایسکل لێبخوڕین.”
پەیامێکی ئاراستەی هاوڵاتیان و بەتایبەت فەرمانبەران کرد و داوای لێکردن کە بۆ چوونە سەر کارەکانیان پایسکل بەکاربهێنن، تاوەکو لە لایەکەوە تەندروستیی خۆیان بپارێزن و لە لایەکی دیکەشەوە قەرەباڵغیی ئۆتۆمبێل و جەنجاڵیی شەقامەکان کەم بکەنەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح