ئەوقافی دهۆک: بەهەڵە لە بڕیارەکان تێمەگەن
روونکردنەوەیەک لەبارەی بڕیارەکانی تایبەت بە دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکانی دهۆک بڵاوکرایەوە
فەرهاد حەسەن
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی دهۆک، روونکردنەوەیەکی لەبارەی بڕیارەکەی دوێنێی، تایبەت بە دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکانی شارەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت “هەندێک کەس و لایەن بە هەڵە لەو بڕیارانە گەیشتوون و دوور لە بەها و بنەماکانی ئیسلام بە ئاڕاستەیەکی دیکە خوێندنەوەی بۆ دەکەن”.
دوێنێ ئەوقافی دهۆک، بەپێی نوسراوێک، بە ژمارە 780 بە مەبەستی رێکخستنەوەی دەنگی بڵندگۆکان و رەچاوکردنی باری تەندروستی و حەسانەوەی هاوڵاتیان، سێ بڕیاری بۆ مزگەوتەکانی سەنتەری پارێزگاکە و هەر شەش قەزاکەی سنوورەکەی دەرکرد کە بریتی بوون لە :
یەکەم: لەکاتی ئەنجامدانی نوێژدا، دەبێت بڵندگۆکانی دەرەوەی مزگەوت بە تەواوی دابخرێن و نوێژەکە تەنیا لە رێگەی بڵندگۆکانی ناوخۆوە بێت.
دووەم: لەکاتی بانگداندا، پێویستە دەنگی بڵندگۆکانی دەرەوە نزم بکرێنەوە بۆ ئاستێکی گونجاو.
سێیەم: دەنگی بڵندگۆکانی ناوخۆی مزگەوتەکانیش کەم دەکرێنەوە تا نەبنە هۆی بێزارکردنی نوێژخوێنان.
لە رووونکردنەوەکەی ئەمڕۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی دهۆک هاتووە “کەمکردنەوەی دەنگی بانگدان لەسەر داوای نوێژخوێنانە کە دەنگی بڵندگۆی بەشێک لە مزگەوتەکان زۆر بەرزە و هەندێک لە مزگەوتەکانیش کەمتر لە یەک کیلۆمەتر نێوانیانە و بەهۆیەوە دەنگی بانگدانیان تێکەڵ دەبێت و ئەمەش ناڕازیبوونی هاوڵاتیان و دەرودراوسێی مزگەوتەکانی لێکەوتووەتەوە، بۆیە بەپێویست زاندرا ئەم بڕیارانە بۆ رێکخستنەتی دەنگی بانگدان بدرێت، بە جۆرێک دەنگەکە نە زۆر بەرز بێت و نە زۆریش نزم”.
لە کاردانەوەی ئەس سێ بڕیارەی ئەوقافیش، دوێنێ یەکشەممە مەلا جیهاد بێسفکی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی هەرێمی کوردستان لقی دهۆک بە 964 وت “بەسێ وشە وەڵامی ئەم بڕیارە دەدەمەوە، ئەوەی دەنگی بانگ بەدڵی نەبێت با دەست بە گوێکانی بگرێت و تەواو”.
بەڵام ناسح مەلا محەمەد، بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی دهۆک لەبارەی نوسراوەکەیان بە 964ی وتبوو، بڕیارەکە گونجاوە و بەگوێرەی داواکاری نوێژخوێنانە بووە و لە رۆژی 14.6.2026، جێبەجێ دەکرێت و مەبەست لێی رێکخستنی دەنگی بڵندگۆکانە”.