وەزارەتی کشتوکاڵ:
لە سبەینێوە “بە چەند مەرجێک” راوکردنی ماسی لە هەرێم دەستپێدەکاتەوە
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم کۆتایی بە قەدەغەی راوکردنی ماسی لە هەرێمی کوردستان هێناو دەستپێکردنی راوەماسیشی لە سبەینێوە، بە چەند مەرجێک راگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەت، دوابەدوای بڕیاری وەزارەت سەبارەت بە پاراستنی سامانی ماسی و وەرزی قەدەغەی راوکردن و بەهۆی تەواوبوونی ماوەی دیاریکراوی وەرزی قەدەغەکردنەکە، ئەمڕۆ دووشەممە 15.6.2026، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، بڕیاردرا بە هەڵگرتنی بڕیاری قەدەغەی راوکردن و ئاسایی بوونەوەی وەرزی راوکردن.
دەشڵێت، دەستپێکردنەوەی راوەماسی بە چەند مەرجێک دەبێت، لەوانە راوکردن بە کارەبا و ماددە ژەهراوییەکان و ماددە تەقەمەنییەکان و تۆڕی کون وورد، کە ببێتە مایەی لە ناوبردنی به کۆمەڵی زیندەوەرەکانی ئاوی لە هەموو کاتێکدا قەدەغەیە و رێگەپێدراو نابێت.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیار و مەرجانەش و گرتنەبەری رێکاریی یاسایی و کارگێری، سەرجەم فەرمانگەکان و دامەزراوە پەیوەندارەکان ئاگادارکراونەتەوە.
ئامارێکی فەرمی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە لەبارەی سەرپێچییەکانی ئەم سێ مانگەی قەدەغەکردنی راوکردن بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماری سنوورەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە لەو ماوەیەدا 65 سەرپێچیکار دەستگیرکراون و 531 تۆڕیش دەستیان بەسەرداگیراوە.
باسی لەوەشکردووە، لەو ماوەیەدا سەدان ماسی زیندوو کە لەلایەن راوچییەکانەوە راوکرابوون، گەڕێندراونەتەوە بۆ ناو دەریاچە و رووبارەکان و هەر لەو سێ مانگەشدا سێ بەلەمی ئاسن، چوار بەلەمی چووپ و نۆ ئۆتۆمبێلیش دەستیان بەسەرداگیراوە.