پزیشکیان ئەگەرى زیندووبوونەوەى شانە تیرۆریستییەکانى بە گوێى سودانیدا دا
ناوەڕۆکى کۆنگرەى رۆژنامەوانى سودانى و پزیشکیان
964+
وریا فەتاح
سەرۆک وەزیرانى عێراق و سەرۆک کۆمارى ئێران کۆبوونەوە و دواتر لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى هاوبەشدا، پەیوەندییە سیاسى و ئابوورییەکانى نێوانیان خستەڕوو، پزیشکیانیش ئەگەرى زیندووبوونەوەى شانە تیرۆریستییەکانى بە گوێى سودانیدا دا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق، لە کۆشکى سەعداباد لە تاران، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆمارى ئێران کۆبووەوە.
لە کۆنگرەى رۆژنامەوانى دواى کۆبوونەوەکە، سەرۆک کۆمارى ئێران وتى،”پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە باشترین ئاستیدا و ئێستا عێراق بە قۆناغێکی باشی سەقامگیری و گەشەسەندندا تێدەپەڕێت”.
دەشڵێت: لەگەڵ عیراق پەیوەندی هاوبەشمان هەیە سەبارەت بە پێشهاتەکانی سوریا.
هەر لە کۆنگرەکەدا، مەسعود پزیشکیان ئەگەرى کاراکردنەوەى شانە تیرۆریستییەکانى بە گوێى سودانیدا داو، نیگەرانى تاران و بەغداى بۆ ئەو ئەگەرە پیشاندا.
لەبارەى پەیوەندییە ئابورییەکانى نێوانیان، سەرۆک کۆمارى ئێران باسى لەوەکرد کە هاوکارى ئابوورى و بازرگانى نێوان عێراق و ئێران لە ئاستێکى باشدایە.
لاى خۆیەوە، سودانى باسى لە سەردانەکە و پتەوکردنى پەیوەندییەکانى بەغدا و تاران کرد و و لە بارەى سوریاشەوە وتى،”سەقامگیری لە سوریا کلیلی سەقامگیری ناوچەکەیە، بۆیە پشتگیرى لە چارەسەرى سیاسى هەمەلایەنەى ئەو وڵاتە دەکەین”.