"کارەبا گرتوویەتى"
شەوى رابردوو منداڵێک لەناو نافورەى رێستۆرانتێک گیانى لەدەستدا
رێباز یونس – هەولێر
شەوى رابردوو، لە یەکێک لە رێستۆرانتەکانى شارى هەولێر، منداڵێک لەناو نافورایەک گیانى لەدەستدا، کەسوکارەکەى دەڵێن: کارەبا گرتوویەتى.
دلێر گەرمیانى کە باپیرەى منداڵەکەیە، بە 964ـى وت،”شەوى رابردوو کچەکەم و زاواکەم بۆ بەسەربردنى کاتێکى خۆش چوونەتە رێستۆرانتێک، لەوێ کە شوێنى یاریکردنى منداڵانیان هەیە منداڵەکەیان داناوە بۆ یاریکردن، بەڵام منداڵەکە چووەتە لاى نافورەکە و کارەبا گرتوویەتى”.
ئەو رەتى دەکاتەوە منداڵەکە لەنا نافوراکەدا خنکابێت و دەڵێت: کێبڵى رووتى کارەبا هەبووە و کارەبا گرتوویەتى، ئەو شوێنە کەمتەرخەم بوون.
منداڵەکە تەمەنى ساڵێک و 10 مانگە، کەسوکارى تا ئێستا سکاڵایان تۆمار نەکردووە، وەک باپیرى منداڵەکە دەڵێت: چاوەڕێى لێکۆڵینەوەى پۆلیس و ئاسایشن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح