بارەگای رێکخراوەکە لەکاتی هاوکاری کردنی هاوڵاتییان
تێچووى 12 هاوسەرگیریشى گرتە ئەستۆى
رێکخراوێکى خێرخوازى لە پێنجوێن لە 2024 کەمدەرامەت و هەژارانى بەجێنەهێشت
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
رێکخراوێکی خێرخوازی لە پێنجوێن لە ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 200 ملیۆن دیناری بەسەر کەمدەرامەتاندا دابەشکردووە و بەهۆشییەوە 12 کەس توانیویانە پرۆسەی هاوسەرگیری پێکبهێنن.
بەهادین حەسەن، سەرۆکی رێکخراوی درەو بە 964ـی وت، لە ماوەی ساڵی رابردوودا هاوکاری 12 خێزانیان کردووە، بۆ تەواو کردنی خانووەکانیان و یەکێک لە خانووەکان لە ئەساسەوە تا تەواوبوونی پارەی بۆ دابین کراوە و کرێی خانوشیان بۆ 60 خێزان دابینکردووە و جگە لەوەی هاوکاری دارایی 12 گەنجیان کردووە بۆ پێکهێنانی پڕۆسەی هاوسەرگیری.
باسی لەوەشکرد، لە ماوەی ساڵەکەدا هاوکاری 1080خێزانی کەمدەرامەتیان کردووە، پێنج خێزانیش کە خاوەن پێداویستی تایبەت بوون بەشێوەی مانگانە هاوکاریی داراییان پێدراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەکۆی هاوکارییەکانیان لە لایەن خێرخوازانەوە 201 ملیۆن و 732 هەزار دیناریان کۆکردووەتەوە و 750 سەبەتەی خۆراکی و بڕی دوو هەزار و 500 لیتر نەوتی سپیشیان دابەشکردووە.
“دانیشتوانى پێنجوێن خێرخواز و بەخشندەن، بەشێکى زۆرى وەستاکان خۆبەخشانە کاریان کردووە و پارەیان وەرنەگرتووە”، بەهادین حەسەن واى وت.
رێکخراوەکە لە بواری تەندروستیشدا خزمەتیان کردووە و 20 نەشەرگەرییان ئەنجامداوە، کە بەشێکیان لەسەر ئەرکی رێکخراوەکە ئەنجامدراون هیچ بڕە پارەیەک لە نەخۆشەکە وەرنەگیراوە.
جگە لەوانەش، گۆشتی سور، مریشک، دەرمان و پێداویستی قوتابخانەیان بۆ 200 خوێندکار دابین کردووە و ماتۆڕی سێ تایەشییان بە کۆمەڵێک کاسبی ناوچەکە بەخشیوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر