دوکان
یاریی جیت سکی لە شوێنە گەشتیارییەکان قەدەغە کرا
ئەرسەلان عەبدوڵا
راگەیاندنی قایمقامیەتی دوکان بڵاویکردەوە، دوای چەند کۆبوونەوەیەک لیژنەی سەلامەتی و ژینگە بە سەرپەرشتی قایمقامی دوکان، بڕیاریان دا بە قەدەغەکردنی یاریی جیت سکی لەو شوێنە ئاویانەی رۆژانە گەشتیاران رووی تێدەکەن.
قایمقامی دوکان سیروان سەرحەد لە راگەیاندراوێکدا ئەمڕۆ هەینی 15.5.2026 دەڵێت، جگە لە قەدەغەکردنی یاریی ئاوی جیت سکی هاوکات چەند بڕیارێکیشیان لەبارەی بەلەمە گەشتیارییەکانەوە دەرکردووە، کە دەبێت لەماوەی دوو هەفتەدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار بکەن و مۆڵەت دەربکەن و تەواوی مەرجی سەلامەتیی گەشتیاری لە بەلەمەکانیاندا بوونی هەبێت، بە پێچەوانەوە هەر خاوەن بەلەمێک یان جیت سکییەک سەرپێچی بکات، رێکاری یاسای بەرامبەر دەگیرێتەبەر .
بە پێی راگەیاندراوەکە، ئەم دوو بڕیارە لە پێناو سەلامەتیی گیانی هاوڵاتیان و گەشتیاراندا دەرکراوە و لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و بەرگریی فریاکەوتن و پۆلیسی ناوخۆ و بەرگریی شارستانی و هەروەها پۆلیسی دارستان و ژینگەوە جێبەجێ دەکرێت.
لەبارەی ئەو کەسانەشی یاریی جیت سکی دەکەن، بەپێی ئەو رێکارانەی بۆیان دیاری کراوە دەتوانن لە قوڵایی دەریاچەکەدا و لەو بەشە ئاوییەی گەشتیار رووی تێناکات، دەتوانن کاتەکانیان بەسەربەرن .
راگەیاندراوەکە دەڵێت، پێشتر گەشتیاران نیگەران بوون لەوەی بەشێک لە خاوەن بەلەم و ئەو کەسانەی لە ئاوی دەریاچەکە و زێی دوکاندا یاریی جیت سکییان دەکرد، ببوونە مایەی بێزاری و هەندێک جار مەترسی بۆسەر ژیانی گەشتیاران، بەڵام لەمڕۆوە قەدەغە کراون و گەشتیاران و هاوڵاتیان دەتوانن بە ئارامی گەشت بکەن و کاتەکانیان بەسەربەرن .